پەرەگراف
عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی ڕایگەیاند، وەفدی پارتی و یەکێتی پەیوەندییان پێوەکردوون بۆ کۆبونەوە لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت، بەڵام ئەوان ڕەتیان کردووەتەوە.
"داوادەکەین هیچ هێزێک لەگەڵیان کۆنەبێتەوە.. هەڵوێست، ئەم کۆبونەوانە بە پێویست نازانێت، چونکە ئێمە ئامادەنین بچینە حکومەت لەگەڵ هیچ کامیان" عەلی حەمەساڵح وادەڵێت.
دەشڵێت "ڕوونە بکەرو بەرپرسی هەموو ئەم نەهامەتیانەی کوردستان ئەوانن.. ئومێد و داوادەکەین هیچ هێزێک لەگەڵیان کۆنەبێتەوە، ئەمەش پەیامێکی گرنگە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو فۆڕمە لە حوکمڕانی پارتی یەکێتی".
ڕەوتی هەڵویستی نیشتمانی پێنجەم براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەو ٤ کورسیی پەرلەمانی هەیە، ناڕازییە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەو ڕەتی دەکاتەوە و چاوەڕوانی دەنگ و كورسیی لەوە زیاتر بووە. ڕەوتەكە دەڵێت "هەڵبژاردنەكە دیزانكراو بووە، لەسەر حیسابی دەنگی ژمارەیەك لایەن بەتایبەت ڕەوتی هەڵوێست، ساختەكاریی گەورە لە بەرژەوەندیی سێ لایەنی براوە ئەنجام دراوە".
هەڵوێست كە ڕەوتێكی نوێیە و حەوت مانگ بەر لە هەڵبژاردن دامەزرا، لەم هەڵبژاردنەدا بە كۆی گشتی لە هەر چوار پارێزگاكە 56 هەزار و 8 دەنگی بەدەست هێناوە، چوار كورسیی بردووەتەوە، لە سلێمانی دوان و هەولێر و دهۆكیش یەكی یەك كورسی.
هەروەها هەڵوێست لەم هەڵبژاردنەدا نزیكەی 3%ـی كۆی دەنگە دروستەكانی هەڵبژاردنی لە هەرێمی كوردستان بەدەست هێناوە، ئەوەش بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن.
هەربەهۆی ناڕازیبوون لە ئەنجامی هەڵبژاردن، کۆمەڵی دادگەری کە ٣ کورسی بەدەست هێناوە بڕیاریداوە بایکۆتی پەرلەمانی کوردستان بکات، یەکگرتووش کە خاوەنی ٧ کورسیی دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و بەشداریی حکومەت ناکات، لایەنێکی دیکەی ناڕازی بەرەی گەلە کە خاوەنی ٢ کورسییەو هێشتا هەڵوێستی فەرمی پیشان نەداوە لەبارەی چوونە حکومەت و کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی و یەکێتی.
پارتی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەو ٣٩ کورسی لە ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان هەیە، لە ئەمڕۆوە دەست دەکات بە گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی حکومەت.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن، پارتی ٣٩ کورسی، یەکێتی ٢٣ کورسی، نەوەی نوێ ١٥ کورسی، یەکگرتوو ٧ کورسی، ڕەوتی هەڵوێست ٤ کورسی، کۆمەڵی دادگەری ٣ کورسی، بەرەی گەل ٢ کورسی، هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستانیش یەکی یەک کورسییان بەدەست هێناوە، سێ کورسیش بۆ پێکهاتەی مەسیحی و دوو کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان بووە.