پارتى دەست بە دانوستان دەکات و سوورە لەسەر پێکهێنانى حکومەتى نوێ بە سەرۆکایەتیى مەسروور بارزانى
پەرەگراف
شاندى پارتى لە ئەمڕۆوە بەشێوەیەکى فەرمى دەست بە گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانى حکومەت دەکات. دانوستانەکانى پارتى لە سلێمانییەوە دەست پێ دەکات و ئەندامێکى شاندى دانوستانکارى ئەو حیزبە دەڵێت "پارتى گفتوگۆیەکى کراوە دەکات و هیچ مەرجێکى پێشوەختەى نییە"، بەڵام پارتى جەخت لەسەر پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەت بە سەرۆکایەتیى مەسروور بارزانى دەکاتەوە.
ئەمڕۆ ٢٧-١١-٢٠٢٤، دڵشاد شەهاب، ئەندامى شاندى دانوستانکارى پارتى بۆ پێکهێنانى حکومەت، دەستپێکردنى گفتوگۆکانى لەلایەن پارتییەوە ڕاگەیاند و بۆ میدیاکان وتى "بەبێ جیاوازی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەین و ئامانجمان پێکهێنانى حکومەتێکی بەهێزی سەرتاسەرییە".
پارتى دەیەوێت بەپێى ڕیزبەندى سەردانى لایەنە براوەکانى هەڵبژاردن بکات، بەڵام دڵشاد شەهاب دەڵێت "ڕەنگە ئەمڕۆ نەتوانین سەردانى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى بکەین، لەبەر ئامادەنەبوونى وەفدى دانوستانکاریان".
ئەندامەکەى شاندى دانوستانکارى پارتى ئاماژەى بەوەش کرد کە "ژمارەى کورسییەکانى هەر لایەنێک لە پەرلەمان پێوەى سەرەکییە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت".
هەر ئەمڕۆ هێمن هەورامى، ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى، وتى "وەکو سەرۆکى هەرێم دیاریى کردووە، ڕۆژى ٢-١٢-٢٠٢٤ یەکەم کۆبوونەوەى پەرلەمانە، هیوادارین تا ئەوکاتە بگەینە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێرین، دواتریش هەنگاوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان بکرێت، پاشان سەرۆکى هەرێم مەسروور بارزانى ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانى حکومەت لە ماوەی 30 ڕۆژدا".
بە قسەى هێمن هەورامى، دەبێت "تا کۆتایى مانگى ١ـى ٢٠٢٥ کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێم پێک بهێنرێت، ئەگەر هەنگاوە یاساییەکان وەکوو خۆیان بچنە پێشەوە". هیوایشى خواست ئەزموونى ڕابردوو دووبارە نەبێتەوە کە پێکهێنانى حکومەت "چەند مانگێکى زۆرى خایاند".