باشاك دەمیرتاش داوای كۆبوونەوە لە سەرۆكی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەكات

06-09-2020 11:59
سەڵاحەدین دەمیرتاش‌و باشاك دەمیرتاش

پەرەگراف

باشاك دەمیرتاش هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش(سەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان-هەدەپە) نامەیەكی ئاڕاستەی سەرۆكی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا كردووە كە ئێستا بە سەردانێك لە توركیایە، باشاك داوای كۆبوونەوەو بینینی كوردی لێدەكات.

ڕۆبێرتۆ سپانۆ، سەرۆكی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە دیداری هەبووە، باشاك دەمیرتاش داوای لێدەكات سەردانی شاری ئامەد بكات‌و لەگەڵ بەرپرسانی هەدەپە كۆببێتەوە تا گوێ بۆ كێشەكانیان‌و باسكردنی ئەو كارە نایاساییانە بگرێت كە حكومەتەكەی ئەردۆغان بەرامبەریان ئەنجامی دەدات.

هاوسەرەكەی دەمیرتاش لە نامەكەیدا ئەوە بۆ سپانۆ ڕووندەكاتەوە كە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت‌و پارتەكەی ئەردۆغان، چانسی ئەوەی نابێت لە دۆخی توركیاو سەروەریی یاساو دادگاكان تێبگات، هەربۆیە گرنگە بەرپرسانی هەدەپە ببینێت كە پارتێكی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەن تاوەكو زانیاریی پێ بدەن لەبارەی دۆسیەكان لەناویاندا دۆسیەكەی سەڵاحەدین دەمیرتاش.

"ئەگەر یەك كاتژمێر لەگەڵ مندا بەسەرببەیت، ئەوە بەس دەبێت بۆئەوەی زانیارییت پێدەین لەبارەی پێگەی خۆمانەوە" باشاك لە نامەكەیدا وادەڵێت، دەشڵێت "خۆشحاڵم كە میوانداریی دیاربەكرتان پێشكەش دەكەم".

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ساڵی 2018 داوای ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش‌و قەرەبووكردنەوەی ماددیی كرد، بەڵام ئەردۆغان ڕەتیكردەوە پابەندی بڕیاری دادگاكە بێت‌و دەمیرتاش لە 2016وە تائێستا لە زیندانە.

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ئەو دۆسیەیانە دەبینێت كە سەرپێچی ڕێككەوتنی ئەوروپایان لەسەر مافەكانی مرۆڤ تێدا دەكرێت، توركیاش ئەو ڕێككەوتنەی واژۆ كردووە‌و ئەندامی دادگاكەیە.

دەمیرتاشی تەمەن 47 ساڵ، بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) لە زیندانە، ئەوكاتەی توركیا دەمیرتاشی دەستگیركرد ئەو ئەندامی پەرلەمان بوو، دەستگیركردنەكەی كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو دەمیرتاش بە ئۆبامای كورد ناسێنرا.

سەردانەكەی ئێستای سەرۆكی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ توركیا ڕوبەڕوی ڕەخنە بووەتەوە، بەهۆی ئەوەی ناوبراو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان‌و خەڵكانی ناڕازیی لە حكومەتی نەبینیوە، ئەوە لەكاتێكدایە حكومەتەكەی ئەردۆغان تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی پێشێلكاریی‌و خراپ بەكارهێنانی یاسا لە دژی ڕكابەرە سیاسییەكانی.

هەدەپە لە توركیا ڕوبەڕوی هێرش‌و پەلاماردان بووەتەوە لەلایەن حكومەتەوە، بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) حكومەتەكەی ئەردۆغان دەیان بەرپرسی هەدەپە كە هەڵبژێردراوی خەڵك‌و دەرچووی هەڵبژاردنەكانن، لەكارەكانیان دوورخستووەتەوەو خەڵكانی سەربە پارتەكەی خۆی لە شوێنیان داناوە لە شارەوانیی شارەكاندا، هەندێك لەو بەرپرسە كوردانەشی ڕەوانەی زیندان كردووە، ئەوەش وەك بەشێك لە هەڵمەتی حكومەت لە دژی هەدەپە.