وەزیرى ناوخۆى بەریتانیا بۆ جێبەجێکردنى پلانى بەرەنگاربوونەوەى کۆچى نایاسایى لە هەرێمى کوردستانە

28-11-2024 02:11

پەرەگراف

بەریتانیا هەنگاوەکانى بۆ جێبەجێکردنى پلانى ڕووبەڕووبوونەوەى کۆچى نایاسایى دەست پێ کرد و بۆ ئەو مەبەستە وەزیرى ناوخۆى ئەو وڵاتە سەردانى بەغدا و هەرێمى کوردستانى کرد. بەریتانیا لە ڕێگەى دابینکردنى "بودجەیەکى زەبەلاح" و ڕێکەوتنى "دارایى و ئەمنى"ـیەوە لەگەڵ حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێم، هێزى خۆى دەهێنێتە ناوچەکە بۆ دەستگیرکردنى قاچاخچییە کوردەکان کە دەگوترێت "کۆنترۆڵى قاچاخچێتییان لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا کردووە".

پاش سەردانەکەى بۆ بەغدا، ئه‌مڕۆ پێنجشەممە ٢٨-١١-٢٠٢٤، ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا گەیشتە هەرێمى کوردستان و بەجیا لەگەڵ هەریەک لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە.

بەپێى ڕاگەیەندراوى فەرمی، لە کۆبوونەوەکاندا "ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچکردنی نایاسایی" تەوەرێکى سەرەکى بووە.

فەرمانگەى میدیا و زانیاریى حکومەتى هەرێم "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، تاوانی ڕێکخراو و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر".

هەروەها نووسینگەى ڕاگەیاندنى قوباد تاڵەبانی دەڵێت "لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتی بەریتانیا لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەتیش لە بواری هەماهەنگی ئەمنی بۆ کەمکردنەوەی دیاردەکانی کۆچی نایاسایی و ڕێگریکردن لە تاوانی ڕێکخراو و قاچاخی مادەی هۆشبەر".

لە کۆبوونەوەى نێوان وەزیرى ناوخۆى بەریتانیا و بەرپرسانى حکومەتى هەرێم کە بەرپرسانى ئەمنیش تێیدا بەشدار بوون، جەخت لە بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى دیارەى کۆچى نایاسایى و قاچاخچێتى کراوەتەوە.

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاندووە "لەگەڵ ئەوەی دەبێت لە ڕووی ئەمنییەوە هەوڵی زیاتر بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی بدرێت، بەڵام بۆ بنەبڕکردنی ئەم دیاردەیە پێویستە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا پێکەوە کار بکەن، تا پەرە بە گەشەسەندنی ئابووریی قەزا و ناحییەکان بدرێت".

"گەشەسەندنی ئابووری و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری لەناو گەنجان لە ناوچە جیاوازەکان، چارەسەری بنەڕەتییە بۆ نەهێشتنی دیاردەی کۆچی نایاسایی"، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم وا دەڵێت.

پێشتر ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانیا بڵاویکردەوە کە حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ تورکیا و ڤێتنام و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدایە، سەبارەت بە ئەنجامدانی  ڕێککەوتتنامەی دارایی بە ئامانجی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ڕوو لە بەریتانیا دەکەن.

کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دەڵێت "هەر شتێک کە بتوانین بیکەین بۆ ئەوەی هەر لە شوێنی دەرچوونەوە ڕێگە لە کۆچی خەڵکی بگرین، کارێکی دروستە".

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی تایمز، ئیڤێت کوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەگەڵ چەند حکومەتێک دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئەمنی و هاوکاری دەکات، لەوانە حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا و ڤێتنام. ڕۆژنامەکە دەڵێت، دەکرێت ئەم ڕێککەوتنانە پێش کۆتایی ساڵ واژۆ بکرێن.

وردەکاریی گفتوگۆو میکانیزمەکانی پارەدانی بەریتانیا هێشتا ئاشکرا نییە، بەڵام میدیاکانی بەریتانیا دەڵێن ئەو وڵاتە "بودجەیەکی زەبەلاح"ی بۆ ڕێگریی لە شەپۆلی کۆچبەران تەرخانکردووەو کابینەکەی ستارمەر بڕوایوایە رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی دەبێت لە وڵاتی کۆچبەرانەوە بێت نەک کاتێک کە دەگەنە بەریتانیا.

بەپێى پلانەکەى بەریتانیا، ژمارەیەک لە ئەفسەرى هەوڵگرى و تایبەتمەندى ئەو وڵاتە بۆ دەستگیرکردنى قاچاخچییەکانى کۆچى نایاسایى، بە تایبەت "قاچاخچییە کوردەکان"، دێنە عێراق و هەرێمى کوردستان.

ڕۆژى ٤-١١-٢٠٢٤، ڕۆژنامەی (زە ناشناڵ) لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە "حکومەتی بەریتانیا، بۆ بەرەنگاربوونەوە و دەستگیرکردنی قاچاخچییەکانی مرۆڤ و سەرۆکى ئەو باندانەى کە بە نایاسایى کۆچبەران لە فەرەنساوە بە کەناڵى ئینگلیزدا بۆ بەریتانیا دەنێرن، ڕاستەوخۆ ئەفسەر و تیمی هەواڵگری دەنێرێتە عێراق و هەرێمى کوردستان".

بەپێى ڕاپۆرتى میدیاى بەریتانى کە چەند ساڵێکە بەدواداچوونى ورد بۆ دۆسیەى کۆچى نایاسایى دەکەن، قاچاخچییە کوردەکان "کۆنترۆڵى نزیکەى هەموو قاچاخچێتیى کۆچبەرانیان لە فەرەنسا بۆ بەریتانیا کردووە". هەر بۆیە هەرێمى کوردستان بەشێکى سەرەکى دەبێت لە پلانەکەى بەریتانیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى دیاردەى کۆچى نایاسایى لە وڵاتى کۆچەوە.