لە ڕێککەوتنێکی مێژووییدا بەریتانیا بودجە بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوری هەرێمی کوردستان دابین دەکات

28-11-2024 08:08

پەرەگراف

حکومەتی بەریتانیا ڕێککەوتنێکی ئەمنیی مێژوویی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی بە مرۆڤ و بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورەکان زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات لە پێناو ڕێگری لە کۆچبەران بۆ گەیشتن بەو وڵاتە.

بەپێی ڕێککەوتنەکە کە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ناوەڕۆکەکەی بڵاوکردەوە، بەریتانیا 300 هەزار پاوەند بۆ راهێنانی ئەمنیی پاراستنی سنوور دەداتە عێراق و 200 هەزار پاوەند بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی دەداتە هەرێمی کوردستان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کە کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر بۆ پەرەگرافی ناردووە، ڕێککەوتنە دەستپێکردنی هەڵمەتی پەیوەندی پتەوترە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، "بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو زانیاری و ئەفسانە هەڵانەی کە قاچاخچییەکان بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوی دەکەنەوە. هەڵمەتە پلان بۆ داڕێژراوەکە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی زانیاری ناڕاست دەدات کە لەلایەن باندە تاوانکارەکانەوە بڵاودەکرێنەوە و ئەمەش بۆ ڕێگریکردن لە خەڵک کە ئەو گەشتە مەترسیدارە ئەنجام دەدەن، لەنێویاندا گێڕانەوەی چیرۆکی ڕاستەقینەی ئەو کەسانەی کە بوونەتە قوربانی باندەکانی قاچاخچێتی".

ئەوە یەکەم ڕێککەوتنی ئەمنییە لەسەر ئاستی جیهان بە ئامانجی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆچی نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو، ڕێککەوتنەکە لە چوارچێوەی سەردانێکی سێ ڕۆژەی ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بوو بۆ عێراق کە ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەک لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکی حکومەت، لە هەولێرەوە کۆتایی بە سەردانەکەی هێنا.

ئەو ٣٠٠ هەزار پاوەندەی بەریتانیا دەیدات بە عێراق بۆ ڕاهێنانی پاراستنی سنوورە کە گرنگی بە بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی کۆچبەری ڕێکخراو و ماددەی هۆشبەر دەدەن.

هاوکات ٢٠٠ هەزار پاوەندەکەی کە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت بۆ ژمارەیەک پڕۆژەیە کە تواناکان سەبارەت بە ڕێگریی لە کۆچی نایاسایی و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان بەرز دەکەنەوە.

ئیڤێت کوپەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، تیشک دەخاتەسەر گرنگی ڕێککەوتنەکان و دەڵێت "ئەم پابەندبوونە گرنگانە ئاماژەیەکی ڕوون دەنێرن بۆ باندە قاچاخچییەکان کە ئێمە لەسەر ئاستی جیهان کاردەکەین بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە مەترسیدارەکانیان. تاوانبارانی ڕێکخراو لە سنوورەکانەوە کاردەکەن، بۆیە دەبێت وەڵامدانەوەمان هەمان شت بێت".

کۆچکردن لە هەرێمی کوردستانەوە

ئەوکەسانەی لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچ دەکەن بۆ ئەوروپاو پاشان بەریتانیا، سەرەتا بە ڤیزە دەچنە تورکیا، پاش چەند شەوێک مانەوە، قاچاخچییەکان دەیانخەنە یەختەوەو بە ئاوی پڕمەترسیی دەریای ئیجەو دەریای ناوەڕاستدا بەرەو ئیتاڵیا ڕەوانەیان دەکەن، زۆرترین قوربانییەکان لەو ئاوەدایە کە هەزاران کۆچبەری تێدا خنکاون و زۆرێکیش تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە.

بەپێی پڕۆژەی کۆچبەرانی ونبووی ڕێکخراوی نێودەوڵەت کۆچ، ژمارەی ساڵانەی مردن و بێسەروشوێن بوونی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست لە ٢٠٤٨ کەس لە ساڵی ٢٠٢١ بەزربووەتەوە بۆ ٢٤١١ کەس لە ساڵی ٢٠٢٢دا، لە ساڵی ٢٠٢٣شدا زیاتر بەرزبووەتەوەو تەنها ئەو ساڵە ئامارەکە بووە بە ٣٠٤١ کەس.

بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، لە 7 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپاو بەتایبەت بەریتانیا کردووە کە 43یان لەو ڕێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.

بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا، ڕۆژی ٨-٨-٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، دەڤەری راپەڕین پشکی شێری لە کۆچ کردن و قوربانییان بەرکەوتووە، وتی ''لەو پێنج هەزار کۆچبەرە، لانیکەم هەزار و 200 کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن".

سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، هۆکاری زۆریی کۆچکردنی گەنجانی دانیشتووی دەڤەری راپەڕین بۆ نەبوونی دەرفەتی کار گەڕاندەوە، وتیشی ''بەشێکیش بووەتە دیاردە و چاولێکەری، ئەگەرنا هەموویان باش دەزانن وڵاتانی ئەورووپا ئەو بەهەشتە نییە کە بیری لێ دەکەنەوە".

بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف و قسەکردن لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی هەرێمی کوردستان، زۆرینەی ئەوانەی دەیانەوێت کۆچ بکەن دوو پاڵنەری سەرەکییان هەیە؛ یەکەم دۆخی ئابوری و پارە پەیداکردن، دووەم هاوڕێیان لە وڵاتانی ئەوروپاو بەریتانیا هەیەو ئەوە وایکردووە حەزێکی زۆریان لادروست ببێت بۆ کۆچکردن.

بەپێی ئاماری ڕێكخراوێكی دیاری پەنابەران، لە ماوەی شەش ساڵدا زیاتر لە نیوملیۆن هاووڵاتیی عێراق و هەرێمی كوردستان لە وڵاتانی جیهان داوای مافی پەنابەرێتییان كردووە، هەرلەو ماوەیەدا زیاتر لە ٥٠٠ کەسیش گیانیان لەدەست داوە یاخود بێسەروشوێن بوون.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران كە ڕێكخراوێكی دیاری پەیوەست بە كاری پەنابەرانە لە هەرێمی كوردستان، دەڵێت "649 هەزار و 273 هاووڵاتیی عێراقی لە ماوەی ساڵانی 2015 تا 2021، داوای مافی پەنابەرێتییان پێشكەشی وڵاتانی جیهان كردووە. لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا 296 كۆچبەری عێراقی گیانیان لەدەست داوە و 216ی دیكە بێسەروشوێن بوون".