یەکێتی سەردانی نەوەی نوێی کرد؛ جوڵانەوەکە دەڵێت: پڕۆژەکەمان سیستمی حکومڕانی دەگۆڕێت
پەرەگراف
یەکێتی نیشتیمانی وەک براوەی دووەمی هەڵبژاردن سەردانی جوڵانەوەی نەوەی نوێی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەت، جوڵانەوەکە پڕۆژەی خۆی پێکەش بەو حیزبە کردو پێیوایە پڕۆژەکەیان "گرنگە بۆ گۆڕینی سیستمی حکومڕانی".
ڕێبوار ئەوڕەحمان سەرۆكی شاندی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، پڕۆژەکەیان بریتیە لەوەی، لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن بۆ دوو بەرە دابەشببن و هەر بەرەیەك سەرۆك وەزیرانی وەرگرت، واز لە تەواوی پۆستەكانی دیكە بهێنێت بۆ بەرەكەی دیكە.
"پڕۆژەكە ژمارەیەك مەرجی لەگەڵدایە لەوانە، دەسپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و لابردنی باج و سەرانە، هەروەها دەسپێكردنەوەی دامەزاندن و زۆر بابەتی دیكە، پڕۆژەكە دراوەتە یەكێتی و بڕیارە دوای دیراسەكردنی وەڵامی نەوەی نوێ بدەنەوە" ڕێبوار ئەوڕەحمان وای وت.
وتیشی "پڕۆژەكەی نەوەی نوێ یەكێكە لەو پڕۆژە باشانەی كە توانای گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان هەیە و ئەو حوكمڕانیەی لە 33 ساڵی ڕابردودا هەبووە پێویستی بە گۆڕانكارییە، ئەمڕۆ پڕۆژەكە بە فەرمی دراوەتە یەكێتی و پێشتریش پڕۆژەكە دراوەتە شاندەكەی پارتی، نەوەی نوێ بەدەر لەو پڕۆژەیە گفتوگۆ لەسەر هیچ پڕۆژەیەكی دیكە بۆ پێكهێنانی حكومەت ناكات".
بەرلە یەکێتی، شاندی پارتیش کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە دوێنێ سەردانی نەوەی نوێی کرد لە سلێمانی، نەوەی نوێ سێیەم براوەی هەڵبژاردنە، بەراورد بە هەڵبژاردنی 2018، جوڵانەوەكە ژمارەی دەنگەكانی زیاتر لە دوو هێندە و ژمارەی كورسییەكانیشی بۆ نزیكەی دوو هێندە زیادی كردووە.
نەوەی نوێ لەم هەڵبژاردنەدا بە كۆی گشتی لە هەر چوار پارێزگاكە 292 هەزار و 32 دەنگی بەدەست هێناوە، بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی كوردستان كە ژمارەی دەنگەكانی 127 هەزار و 115 دەنگ بوو، ژمارەی دەنگەكانی 164 هەزار و 917 دەنگ زیادی كردووە، هاوكات ژمارەی كورسییەكانی حەوت كورسی زیادی كردووە و لە 8ـەوە بووە بە 15.
هەروەها نەوەی نوێ لەم هەڵبژاردنەدا 15.5%ـی كۆی دەنگە دروستەكانی هەڵبژاردنی لە هەرێمی كوردستان بەدەست هێناوە، ئەوەش بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن.