تەوافوق ڕەتكرایەوە؛ سەرۆكی نوێی فراكسیۆنی گۆڕان چۆن هەڵبژێردرا؟

07-09-2020 07:20
دابان محەمەد سەرۆكی نوێی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان

پەرەگراف

زۆرینەی پەرلەمانتارانی گۆڕان ئەمڕۆ بە هەڵبژاردن سەرۆك‌و جێگرو بڕیاردەری فراكسیۆنەكەیان دیاریی كرد، پڕۆسەكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی فراكسیۆن‌و بە پێچەوانەی خواستی کەمینەیەک لە بەرپرسانی باڵای گۆڕان بەڕێوەچوو لەناویاندا ڕێکخەری گشتی، ئەو هەوڵانەی بۆ تەوافوق هەبوون شكستیان هێنا.

دابان محەمەد بە سەرۆكی فراكسیۆن، ئاشنا عەبدوڵا جێگری سەرۆك‌و جەلال محەمەد بە بڕیاردەری فراكسیۆنەكە هەڵبژێردران، ئەوان ڕكابەریان نەبوو بۆ پۆستەكان‌و دەنگی هەر 7 پەرلەمانتارە ئامادەبووەكەیان بەدەستهێنا، 5 پەرلەمانتارەكەی دیكەی فراكسیۆنەكە ئامادەی پڕۆسەكە نەبوون.

"ئەو 5 پەرلەمانتارە لەلایەن کەمینەیەک لە بەرپرسانی گۆڕانەوە بەتایبەت عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی پاڵپشتی دەكران، دەیانویست شاخەوان ڕەئوف ببێتە سەرۆكی فراكسیۆنەكەو دەیانزانی بە هەڵبژاردن براوە نابن، هەوڵی تەوافوقیان دا، دوای ڕەتكردنەوەی تەوافوق‌و سووربوون لەسەر پڕكردنەوەی پۆستەكان بە هەڵبژاردن لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانتارانەوە، ئەوان ئامادەی هەڵبژاردنەكە نەبوون" سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكارییەكانە بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "هەڵبژاردنەكە دەبوایە هەفتەی ڕابردوو بێت، بەڵام دواخرا بۆئەوەی لێكتێگەیشتن دروست ببێت، بەڵام دروست نەبوو، تەنانەت پێشنیاری 6 مانگ بە 6 مانگ هەبوو بۆ سەرۆكایەتی فراكسیۆن، بەڵام دابان محەمەد‌و پەرلەمانتارانی دیكە ئەوەیان ڕەتكردەوەو سووربوون لەسەر هەڵبژاردن، ئەمڕۆ بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی فراكسیۆنەكە هەڵبژاردنەكە كراو دوێنێ دامەزراوەكانی گۆڕان ئاگادار كرابوونەوە كە هەڵبژاردن دەكرێت".

دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە، بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی میدیا فەرمیی مامەڵەی لەگەڵ دەرئەنجامەكەی كردو دەستەی سەرۆكایەتی نوێی فراكسیۆنەكەی ناساند.

دابان محەمەد دوای بوون بە سەرۆكی فراكسیۆن، ڕاستەوخۆ دەبێت بە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان، ئەو جڤاتە باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردانە لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا.

كۆتایی مانگی ڕابردوو عەلی حەمەساڵح بە نیگەرانییەوەو لەبەر چوار هۆكاری سەرەكی، دەستی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كێشایەوە، هەرئەوكات پەرەگراف ئاشكرایكرد دابان محەمەد بەهێزترین كاندیدە بۆ شوێنگرتنەوەی‌و دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی گۆڕانی لەگەڵدایە.

دەست لەكاركێشانەوەكەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەكاتێكدابوو فشارو ڕەخنەیەكی زۆر لەسەر گۆڕان هەیە لە ناوخۆو دەرەوەی بزووتنەوەكە، ئەوەش زیاتر بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی هەرێم‌و دەرنەكەوتنی كاریگەریی پڕۆسەی چاكسازیی كە گۆڕان دەڵێت، لەو پێناوەدا بەشدارە لە كابینەكەی مەسرور بارزانی.