مەسرور بارزانی: پێویستە حکومەتی فیدراڵ مووچە بێ دواخستن و لێبڕین بنێرێت

01-12-2024 04:53

پەرەگراف

مەسرور بارزانی دەڵێت، پێویستە حکومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بێ دواخستن و لێبڕین بنێرێت.

ئەو وتانەی سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ ئەلینا ڕۆمەناوسکی باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق، مەسرور بارزانی دەڵێت: تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانمان تایبەت بوو بە مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

"لەمبارەیەوە دووپاتمان کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە" مەسرور بارزانی وادەڵێت.

ئەمڕۆ ٤٤ ڕۆژە مووچەی مانگی ٩ دابەشکراوەو لە مانگی ١٢داین و مووچەخۆرانی هەرێم چاوەڕێی مووچەی مانگی ١٠ دەکەن. مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٥٠ هەزارن بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق مووچەکانیان لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە لە بەرامبەر چەند مەرج و پابەندییەک لەسەر هەرێم، بەڵام بەهۆی کێشە لە لیستی مووچەو ناکۆکییەکانی نێوان هەولێرو بەغداد، مووچەی هەرێم تووشی گرفت دەبێت و دوادەکەوێت.

لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، مەسرور بارزانی دەڵێت "هاوڕابووین لە سەر ئەوەی کە لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پێویستە لە زووترین کاتدا حکومەتێکی نوێی یەکگرتوو و بەهێز پێکبهێنرێت".

هەرلەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی حکومەت، جەختی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی نزیکدا کردووەتەوە.