یەکەم كۆبوونەوەی گەڕێکی نوێی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا بەڕێوەچوو

08-09-2020 01:20
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی باڵای ھەرێم و بەغداد

پەرەگراف

یەكەم كۆبوونەوەی گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی نێوان ھەرێم و بەغداد ئەنجامدرا، وە‌فدی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێم قوباد تاڵە‌بانی و وەفدی باڵایحكومەتی فیدراڵ عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆکایەتییان کردو تێیدا بڕیاری پێکھێنانی لیژنەی لاوەکیی بۆ چەند پرسێک درا.

سە‌میر ھە‌ورامی وتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكی حكومە‌تی ھەرێمی كوردستان بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، لەپاش گەیشتنیان بۆ بەغدا، پێش نیوەڕۆیئەمڕۆ 8 ئەیلولی 2020 یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی هەردوو وەفدی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە بارە‌ی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان، بە‌تایبە‌ت پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم و چۆنییە‌تی جێگیركردنیان لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بودجە‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ بە‌ڕێوە‌چوو.

سە‌میر ھە‌ورامی وتیشی "لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروست بكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لە بارەی پرسەكانی؛ نەوت و گاز، شایستە داراییەكان، كارەبا، دەروازە سنوورییەكان و قەرزەكان".

وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئە‌وە‌شی خستەڕوو،چاوەڕوان دەكرێت ئەم لیژنانە سەرەنجامی بەدواداچوون و گفتوگۆكانیان لەبەر رۆشنایی بڕگە و ماددە‌‌كانی دەستوری عێراق بخەنە بەردەستی وەفدی باڵای هەردوولا بۆ ئە‌وە‌ی رێككە‌وتنیان لە‌بارە‌وە‌ بكرێت.

سەمیر ھەورامی وتی"‌حكومە‌تی ھە‌رێم ئامادە‌یی دە‌ربڕیوە‌ بۆ رێككە‌وتن لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی فیدراڵی سە‌بارە‌ت بە‌ پرسی داھاتی نە‌وتی و نانە‌وتی و داھاتی دە‌روازە‌ سنورییە‌كان".

سە‌ردانە‌كەی ئەمڕۆی شاندی ھەرێم دوای ئەوەدێت مستەفا كازمی لەكاتی سەردانی بۆ واشنتۆن داوای لەو بەرپرسە كوردانە كردبوو كە لەگەڵیدا بوون كە دوای گەڕانەوەیان لەماوەیەكی كورتدا شاندی ھەرێم سەردانی بەغداد بكات بۆ ڕێككەوتن، ئەمریكاش ھەمان داوای لە كازمی كردووە كە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ڕێككەوێت.

حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی چڕ لە دوو مانگی ڕابردوودا، ھێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی لەبارەی بودجەو نەوت، بەتایبەت بۆ ساڵی ئایندە كە عێراق لە ئێستاوە ئامادەكاریی دەكات بۆ یاسای بودجەی ساڵی داھاتوو. بەڵام تا ئەوكاتەی دەگەنە ڕێككەوتن مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم دەنێردرێت.

هەرێم چەندینجار ڕایگەیاندووە ئامادەیە تەواوی نەوت ڕادەست بكات، بەڵام بەو مەرجەی بەغداد سەرجەم شایستە داراییەكانی بنێرێت، ھێشتا حكومەتی ناوەندیی بەوە ڕازیی نەبووە.

كێشەكانی نەوت‌و بودجە لە نێوان هەرێم‌و بەغداد نوێ نین، بەڵام لە ئێستادا گرنگترین بابەت بۆ هەرێمی كوردستان پرسی مووچەیە كە ناتوانێت مانگانە لەكاتی خۆیدا و بەبێ لێبڕین دابەشی بكات.