پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆكەخانەكانی سلێمانی و هەولێر ڕاگیرا

03-12-2024 02:40

پەرەگراف

پێدانی دۆلار بە نرخی بانكی ناوەندی بە گەشتیاران، لە فڕۆكەخانەكانی سلێمانی ‏و هەولێر ڕاگیرا. پەرلەمانتارێك دەڵێت "ئەو بڕە دۆلارەی بۆ گەشیارانی هەرێم ‏دابین دەكرێت زۆر كەمە و داوا كراوە زیاد بكرێت".‏

چەند ڕۆژێكە لە فڕۆكەخانەی سلێمانی و ئەمڕۆیش لە فڕۆكەخانەی هەولێر ‏پێدانی دۆلار بە گەشتیاران ڕاگیراوە، بەهۆی تەواوبوونی دۆلارەوە. بەپێی ‏زانیارییەكانی پەرەگراف، بەشێك لەو گەشتیارانەی سلێمانیش كە نۆرەیان بۆ ‏وەرگرتنی دۆلار گرتبوو، ئەمڕۆ بەریان نەكەوت.‏

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەو پارەی كە ‏لەلایەن بانكی تی بی ئای بۆ گەشتیارانی هەرێم لە فڕۆكەخانەكانی سلێمانی و ‏هەولێر دابین دەكرێت، بڕەكەی كەمە و بەشی گەشتیاران ناكات".‏

بە قسەی ئەو پەرلەمانتارە، بۆ هەولێر و سلێمانی ڕۆژانە پارەی "30 گەشتیار" ‏دابین كراوە، كە ئەو بڕە "زۆر كەمە" و فڕۆكەخانەكان داوایان كردووە زیاد ‏بكرێت‎.‎

سۆران عومەر وتیشی "تەنیا لە سلێمانی هەفتانە نزیكەی 600 كەس گەشتی ‏عومرە دەكەن، ئەمە جگە لە گەشتیاری دیكە. تەواوبوونی پارەكە هۆكارەكەی هەر ‏ئەوەیە كە بڕێكی كەم بۆ گەشتیارانی هەرێم دابین كراوە، ئەمەش وا دەكات بەش ‏نەكات".‏

بەهۆی گرانیی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی دراودا، بانكی ناوەندی بۆ هەر ‏گەشتیارێك بڕی سێ‌ هەزار دۆلار (30 گەڵا) بە نرخی فەرمی كە 132 هەزار ‏دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێك، دابین دەكات.‏