پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری و چارەسەركردنی كێشەكانی كارتی دەنگدان دەست ‏پێ‌ دەكات

03-12-2024 03:29

پەرەگراف

لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كۆمیسیۆنی ‏هەڵبژاردنەكان پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری دەست پێ‌ دەكاتەوە، بۆ دروستكردنی ‏كارتی دەنگدان بۆ ئەو دەنگدەرانەی كە نییانە و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە ‏پەنجەمۆر و خوێندنەوەی كارتی دەنگداندا هەن.‏

لە ئەمڕۆ 3-12-2024ـەوە، دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان دەتوانن سەردانی ‏نزیكترین بنكەكانی كۆمیسیۆن بكەن بۆ تۆماری بایۆمەتری و دروستكردنی كارتی ‏دەنگدان، یان چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ‏هەیان بووە.‏

ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕۆژی 2-12-‏‏2024 كۆبووەوە و بڕیاری دا بە "دەستپێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری لە ‏پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، وەرگرتنەوەی پەنجەمۆر لەو دەنگدەرانەی كارتی ‏دەنگدانەكانیان پەنجەمۆری تێدا نییە".‏

هەروەها كۆمیسیۆن بڕیاری دا بە دەستپێكردنی "دابەشكردنی كارتی دەنگدان"ـی ‏ئەو دەنگدەرانەی كە پێشتر كارتیان بۆ دروست كراوە و وەریان نەگرتووەتەوە.‏

لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە 20-10-2024 ‏بەڕێوەچوو، جگە لەوەی سەدان هەزار كەس بەشداریی دەنگدانیان نەكرد بەهۆی ‏نەبوونی كارتی دەنگدانەوە، هەزاران دەنگدەری دیكەش بەهۆی نەخوێندنەوەی ‏پەنجەمۆر و كارتی دەنگدان، لە پرۆسەكە بێبەش بوون.‏