پەرەگراف
کامەران عوسمان، ئەندامى تیمى کوردستانى عێراقى ڕێکخراوى (CPT) دەڵێت "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، بەهۆی تەقەی سەربازانی تورکیا، هاووڵاتییەکیی مەدەنی لە ناحیەی کانی ماسێ شەهید بوو". تەنیا لەمساڵدا "18 هاووڵاتیی مەدەنی" لەناو خاکی هەرێم بە دەستی تورکیا شەهید کراون.
هاووڵاتییەکە ناوى (سەباح عەبدولستار قومری)ـە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٩ـە. پاش ئەوەى لەگەڵ دوو هاووڵاتیى دیکەى گوندی قومری ڕوویان کردووەتە چیای هرورێ، لەلایەن سەربازانی تورکیا لەسەر لووتکەی کەفرە سۆرەوە تەقەیان لێ کراوە.
گوندی قومری دەکەوێتە ناحیەی کانی ماسێ لە دەڤەری بەرواری باڵا لە قەزای ئامێدی. کامەران عوسمان ئاماژەى بەوە کردووە "ئەو سێ هاووڵاتییە لە شوێنێکدا تەقەیان لێ کراوە کە تەنیا نزیکەی یەک کیلۆمەتر و نیو لە گوندەکەی خۆیانەوە دوورە".
ڕێکخراوى سى پى تى دەڵێت "سوپای تورکیا لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢١ـەوە و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی-هەورە بروسکەدا، چوار بارەگای سەربازیی بە قوڵایی ٧ کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، لە دەورووبەری گوندی هرورێ لەسەر لووتکە چیاکانی (کەفرە سۆر، مەلا ڕدی، دەرارێ و زناری کێستە) دروست کردووە و سەرباز و تۆپخانەی لەناو ئەو بارەگایانەدا جێگیر کردووە".
بەپێى ئامارەکانى سى پى تى، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە "١٨ هاووڵاتیی مەدەنی بەهۆی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشییەکانی تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا شەهید بوون و ٤ هاووڵاتی تری مەدەنیش بریندار بوون".