پەیامی مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ شاندی باڵای ھەرێم

08-09-2020 09:47
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق

پەرەگراف

مستەفا کازمی ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی باڵای ھەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە، پتەوکردنی پەیوەندییەکان و کارکردن بە گیانییەک تیم تاوتوێ کراوەو کازمی داوای ھەماھەنگیی تەواو دەکات بۆ چارەسەری کێشەکان.

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەماهەنگی نێوان دەزگاکانی دەوڵەت و کاریپێکەوەیی بە گیانی یەک تیم لەنێوان هەردوولا کراوە، بۆ بەدەستهێنانی داواکاری و بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بە گشتی.

بەیاننامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کازمی تەئکیدی لە پێویستیی هەماهەنگی تەواو کردووەتەوە لە نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتیهەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگارییانەى کە توشی وڵات بوون بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کاریگەرییەخراپەکانی پەتای کۆرۆنا.

شاندی باڵای ھەرێم ئەمڕۆ گەیشتە بەغداو یەكەم كۆبوونەوەی گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی نێوان ھەردوولا ئەنجامدرا، وە‌فدی باڵای حكومە‌تیھە‌رێم قوباد تاڵە‌بانی و وەفدی باڵای حكومەتی فیدراڵ عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆکایەتییان کردوتێیدا بڕیاری پێکھێنانی لیژنەی لاوەکیی بۆ چەند پرسێک درا.

سە‌میر ھە‌ورامی وتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكی حكومە‌تی ھەرێمی كوردستان بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، لەپاش گەیشتنیان بۆ بەغدا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 8 ئەیلولی 2020 یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی هەردوو وەفدی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە بارە‌ی كێشە ‌ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان، بە‌تایبە‌ت پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم و چۆنییە‌تی جێگیركردنیان لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بودجە‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی٢٠٢١ بە‌ڕێوە‌چوو.

سە‌میر ھە‌ورامی وتیشی "لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروست بكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لەبارەی پرسەكانی؛ نەوت و گاز، شایستە داراییەكان، كارەبا، دەروازە سنوورییەكان و قەرزەكان".

وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئە‌وە‌شی خستەڕوو، چاوەڕوان دەكرێت ئەم لیژنانە سەرەنجامی بەدواداچوون وگفتوگۆكانیان لەبەر رۆشنایی بڕگە و ماددە‌‌كانی دەستوری عێراق بخەنە بەردەستی وەفدی باڵای هەردوولا بۆ ئە‌وە‌ی رێككە‌وتنیان لە‌بارە‌وە‌بكرێت.

سەمیر ھەورامی وتی"‌حكومە‌تی ھە‌رێم ئامادە‌یی دە‌ربڕیوە‌ بۆ رێككە‌وتن لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی فیدراڵی سە‌بارە‌ت بە‌ پرسی داھاتی نە‌وتی ونانە‌وتی و داھاتی دە‌روازە‌ سنورییە‌كان".

سە‌ردانە‌كەی ئەمڕۆی شاندی ھەرێم دوای ئەوەدێت مستەفا كازمی لەكاتی سەردانی بۆ واشنتۆن داوای لەو بەرپرسە كوردانە كردبوو كەلەگەڵیدا بوون كە دوای گەڕانەوەیان لەماوەیەكی كورتدا شاندی ھەرێم سەردانی بەغداد بكات بۆ ڕێككەوتن، ئەمریكاش ھەمان داوای لەكازمی كردووە كە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ڕێككەوێت.

حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی چڕ لە دوو مانگی ڕابردوودا، ھێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتاییلەبارەی بودجەو نەوت، بەتایبەت بۆ ساڵی ئایندە كە عێراق لە ئێستاوە ئامادەكاریی دەكات بۆ یاسای بودجەی ساڵی داھاتوو. بەڵام تائەوكاتەی دەگەنە ڕێككەوتن مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم دەنێردرێت.

هەرێم چەندینجار ڕایگەیاندووە ئامادەیە تەواوی نەوت ڕادەست بكات، بەڵام بەو مەرجەی بەغداد سەرجەم شایستە داراییەكانی بنێرێت،ھێشتا حكومەتی ناوەندیی بەوە ڕازیی نەبووە.

كێشەكانی نەوت‌و بودجە لە نێوان هەرێم‌و بەغداد نوێ نین، بەڵام لە ئێستادا گرنگترین بابەت بۆ هەرێمی كوردستان پرسی مووچەیە كەناتوانێت مانگانە لەكاتی خۆیدا و بەبێ لێبڕین دابەشی بكات.