كازمی بۆ بارزانی: هەرێمی كوردستان بەشێكی سەرەكی‌و تەواوكەری عێراقە

10-09-2020 02:48
پێشوازیی بارزانی لە مستەفا كازمی. وێنە؛ نووسینگەی ڕاگەیاندنی كازمی.

پەرەگراف

مستەفا كازمی یەكەم كۆبوونەوەی سەردانەكەی بۆ هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئەنجامدا، چەند پرسێكیان تاوتوێ كردووە لە ناویاندا هەڵبژاردنی پێشوەختەو كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد، كازمی دەڵێت: هەرێمی كوردستان بەشێكی سەرەكی‌و تەواوكەری عێراقە، دەستورو گفتوگۆ بە بنەمای چارەسەری كێشەكانی لەقەڵەم دەدات.

ئەوە یەكەم سەردانی مستەفا كازمییە بۆ هەرێم لەوكاتەوەی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق وەرگرتووە، لە فڕۆكەخانەی هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانی پێشوازیی لێكراو پاشان بەرەو بارەگای مەسعود بارزانی بەڕێكەوت.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی كازمی لەبارەی كۆبوونەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق‌و مەسعود بارزانی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا باس لەوە دەكات چەند پرسێكی گشتیی‌و ئاڵنگارییەكان تاوتوێ كراون لەگەڵ مەلەفی هەڵبژاردنی پێشوەخت كە بڕیارە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

كازمی تەئكیدی لە پێویستیی ڕاستەقینەی چاكسازیی كردووەتەوەو بە ئەولەویاتی كارەكانی داناوە بۆ دەربازكردنی عێراق لەو دۆخەی ئێستا تێیدایە، هەروەها ئاستی بەرزی هەماهەنگیی نێوان هێزە چەكدارەكانی عێراق‌و پێشمەرگەی بە یارمەتیدەر ناوبردووە بۆ سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعش.

"سەرۆكوەزیران تەئكیدی لە گرنگیی یەكهەڵوێستیی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم كردەوە و جەختی كردەوە كە هەرێمی كوردستان بەشێكی سەرەكی‌و تەواوكەری عێراقە‌و گفتوگۆو دەستوور ئەو چادرەن كە دواڕۆژێكی پارێزراو بۆ عێراقێكی یەكگرتوو و سەقامگیر دەستەبەر دەكەن" بەیاننامەكەی نووسینگەی كازمی وادەڵێت.

هەربەپێی بەیاننامەكە، مەسعود بارزانی خۆشحاڵیی بە سەردانەكەی كازمی دەربڕیوەو تەئكیدی لە نیەت باشیی‌و خستنەكاری هەوڵەكان كردووەتەوە بۆ چاكسازی و چارەكردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم.

مستەفا كازمی چەند وەزیرو بەرپرسی باڵای حكومەتەكەی یاوەریی دەكەن، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، لەگەڵ مەسرور بارزانی‌و شاندنی باڵای حكومەتی هەرێم كۆبووەوە.

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە كۆبوونەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی بڵاوكردەوەو ئەوەی خستووەتەڕوو، كازمی باسی لەوە كردووە، ئێستا دەرفەتێك هاتووەتە پێشەوە بۆ كاری هاوبەش، دەڵێت: سەروەریی عێراق ئەو دەستەواژەیەیە كە ئێمە هەموو عێراقییەكان پێكەوە كۆدەكاتەوە و بوارنییە بۆ كەمتەرخەمیكردن تێیدا، هەروەها گرنگە پەلە بكرێت لە ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، مەسرور بارزانی، خۆشحاڵیی پیشانداوە بە سەردانەكەی كازمی‌و شاندی یاوەری‌و ئامادەیی ڕاگەیاندووە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێرو بەغداد بەتایبەت بۆ "چارەسەری درێژخایەن"، هەروەها پشتیوانیی بۆ كابینەكەی كازمی دەربڕیوە بۆ چاكسازیی لە سەرجەم بوارەكاندا.

كازمی سەردانی دهۆك دەكات‌و دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل‌و ئاوارە ئێزدییەكان بەسەر دەكاتەوەو سەردانی ناوچەیەكی سنورییش دەكات بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە هێرش‌و لەشكركێشییەكانی توركیا.

بڕیارە كازمی سبەینێ سەردانی سلێمانی‌و هەڵەبجەش بكات‌و مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بەسەر بكاتەوە.