مەسرور بارزانی بۆ كازمی: مووچەی فەرمانبەران تێكەڵی كێشەی سیاسی نەكرێت

10-09-2020 04:42
پێشوازیی مەسرور بارزانی لە مستەفا كازمی

پەرەگراف

لە كۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا كازمی، مەسرور بارزانی داوایكردووە مووچەی فەرمانبەران تێكەڵی كێشەی سیاسی نەكرێت‌و كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداش تەنها مووچە و بودجە نییە‌و هیوای خواستووە هەموو كێشەكە هەڵپەسێردراوەكان لە ئایندەیەكی نزیكدا بەشێوەیكی بنەڕەتی لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن، بەپێی ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێم.

هاوكات نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەكە بڵاوكردەوەو ئەوەی خستووەتەڕوو، كازمی باسی لەوە كردووە، ئێستا دەرفەتێك هاتووەتە پێشەوە بۆ كاری هاوبەش، دەڵێت: سەروەریی عێراق ئەو دەستەواژەیەیە كە ئێمە هەموو عێراقییەكان پێكەوە كۆدەكاتەوە و بوارنییە بۆ كەمتەرخەمیكردن تێیدا، هەروەها گرنگە پەلە بكرێت لە ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.

دەقی ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێم لەبارەی كۆبوونەوەكە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/9/10 مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، پێشوازی لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق نیشاندا و بە ئاماژەیەكی ئەرێنی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی دانا.

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی تەنیا مووچە و بودجە نییە و هیوادارین هەموو كێشەكە هەڵپەسێردراوەكان لە ئایندەیەكی نزیكدا بەشێوەیكی بنەڕەتی لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن. گوتیشی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێم بێت یان هەر ناوچەیەكی دیكەی عێراق، مافێكی ڕەوای خەڵكە و پێویستە تێكەڵی كێشە سیاسییەكان نەكرێت.

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختیشی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و قەیرانی دارایی و دۆخی نالەباری تەندروستی بوونەتەوە بۆیە ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان دەردەبڕین بە شێوەیەك كە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت. سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختیشی لە گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی بودجە و نەوت و ناوچە كوردستانییەكانی دەوەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەكانی پێشمەرگە كردەوە . بەتایبەتی كاراكردنی میكانیزمی هەماهەنگی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش.

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە كرد كە هاتنی ئەو شاندە گەورە و گرنگەی حكومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان، ئاماژەیەكی بە هێزە بۆ ئامادەییمان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دانانی بنەمایەكی نوێ و پتەو بۆ پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی. سەرۆك وەزیرانی عیراق گوتیشی سەركەوتنی هەر بەشێكی عێراق سەركەوتنە بۆ هەموو عێراق و من گەشبینم كە بە هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەموو پێكهاتە و بەشەكانی عێراق، دەتوانین بە سەر ئاستەنگەكان سەربكەوین و ئێستاش دەرفەت و تێگەیشتنێكی نوێی باش هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.