ئێران ئەو پاڵەوانەی لە سێدارە دا كە ترەمپ داوای كرد ژیانی بپارێزن

12-09-2020 12:50

پەرەگراف

بەرەبەیانی ئەمڕۆ حوكمی لە سێدارەدانی نەڤید ئەفكاری پاڵەوانی زۆرانبازیی ئێران جێبەجێ كرا، پێشتر ئەو سزایە ناڕەزایی فراوانی لێكەوتەوەو ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ‌و دۆناڵد ترەمپ داوایان كردبوو ژیانی بپارێزرێت‌و لە سێدارە نەدرێت.

میدیای ئێران لە زاری سەرۆكی دادگای پارێزگای فارس ڕایگەیاند: سزای لە سێدارەدانی نەڤید ئەفكاری، تۆمەتبار بە كوشتن، بەیانیی ئەمڕۆ پاش گرتنەبەری ڕێكارە یاساییەكان و سووربوونی كەسوكاری كوژراوەكە لەسەر لە سێدارەدانی، جێبەجێ كرا.

حەسەن یونسی، پارێزەری نەڤید ئەفکاری، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسویەتی "بەپێی یاسا، سزادراو بۆی هەیە بەر لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی، خێزانەکەی ببینێت".

ئەو پارێزەرە ڕوو لە بەرپرسانی دادگا دەڵێت "هێندە پەلەتان بوو بۆ جێبەجێکردنی سزاکە، نەڤیدتان لە دوادیداری خێزانەکەی بێبەش کرد".

نەڤیدی تەمەن 27 ساڵ، بە تۆمەتی كوشتنی كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی شاری شیراز(ناوەندی پارێزگای فارس) بە چەقۆ لەكاتی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2018 دژی حكومەتی ئێران، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.

دەرچوونی بڕیاری لە سێدارەدان بۆ نەڤید، ناڕەزایی فراوانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤی بەدواداهات، نەڤید وەك قوربانیی پیشاندراو ئێرانیان تۆمەتباركرد بەوەی سزای تووندو تۆقێنەر بۆ ئەوكەسانە دەردەكات كە بەشداریی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی لە دژی حكومەت دەكەن.

لە چوارچێوەی ناڕەزاییەكاندا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، 4ی ئەم مانگە داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران كرد ئەستێرەی زۆرانبازیی وڵاتەكەیان نەڤید ئەفكاری لە سێدارە نەدەن.

ترەمپ لە تویتێكدا وتی "بۆ ڕابەرانی ئێران، زۆر پێی دەزانم ئەگەر ژیانی ئەم پیاوە گەنجە ڕزگار بكەن و لەسێدارەی نەدەن. سوپاس".