سیستانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بلاسخارت تەئكید لە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات

13-09-2020 01:19
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی عەلی سیستانی‌و بلاسخارت

پەرەگراف

عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق ئەمڕۆ لە نەجەف لەگەڵ جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق كۆبووەوە، نوسینگەی سیستانی هەڵوێستی ناوبراوی لەسەر چەند پرسێك ئاشكرا كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا خستوویەتییە ڕوو.

بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەی مەرجەعی باڵا، سیستانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی بە گرنگ لە قەڵەمداوەو داوایكردوە لەكاتی دیاریكراوی خۆی ئەنجامبدرێت كە بڕیارە ناوەڕاستی ساڵی داهاتووبێت، داوایكردووە مەرجەكانی هەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەرد دابین بكرێن كە هاووڵاتییان متمانەیان بە ئەنجامەكانی هەبێت‌و بە فراوانی بەشداریی لە پڕۆسەكەدا بكەن، بۆئەوەش نەتەوەیەكگرتووەكان هاوكاربێت‌و پڕۆسەكە دادپەروەرانەو دوور لە بەرژەوەندی تایبەتی كوتلە و لایەنەی سیاسیی دیاریكراو بێت، پاكیی‌و شەفافییەت لەبەرچاو بگیرێت.

هەروەها سیستانی داوای لەحكومەت كردووە هەنگاوی جددی بنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دۆسیەی گەورە لەم بوارەدا بكاتەوە بەپێی ڕێكارە یاساییەكان، بۆئەوەی هەموو گەندەڵكارێك سزای ڕەوای خۆی وەرگرێت.

سیستانی پشتیوانی بۆ ئەو هەنگاوانەی حكومەت دەربڕیوە كە بە ئاڕاستەی چاكسازیی‌و دادپەوەرین، بەتایبەت لە كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان‌و باشتركردنی ئەدای هێزە ئەمنییەكان‌و كۆنتڕۆڵكردنی چەك لەلایەن دەوڵەتەوە.

لە بەشێكی دیكەی گفتوگۆو دەربڕینی هەڵوێستەكانی لەگەڵ جینین بلاسخارت، مەرجەعی باڵای شیعەكان داوایكردووە كار بكرێت بۆ دەستنیشانكردنی هەموو ئەو كەسانەی كە دەستیان لە كاری تاواندا هەبووە، بەتایبەت ئەوانەی لە پشت كوشتن‌و ڕفاندنی چالاكوانانی خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەوە بوون.

پاراستنی سەروەری نیشتمانی و ڕێگەگرتن لەسەرپێچی‌و دژایەتی دەستی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆی عێراق، بەشێكی دیكەبووە لە وتەو هەڵوێستەكانی عەلی سیستانی لەگەڵ نوێنەرە تایبەتەكەی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق.