وردەكاری كوژرانی خێزانە كوردەكەی بەغداد

16-09-2020 06:21
خێزانە کوژراوەکە

پەرەگراف

خێزانێكی كورد لە بەغداد بە كوژراوی لە ماڵەكەی خۆیاندا دۆزرانەوە، كەسوكاری ئەو خێزانە ڕەتیدەكەنەوە جەستەیان شێوێندرابێت و تەنھاگومانیان ئەوەیە "بە مەبەستی دزیی خنكێندراون".

دارا حەیدەری و ھاوسەرەکەی و شیلانی کچیان ئەو خێزانە سێ کەسییەن کە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە لە گەڕەکی مەنسور کوژران، شیلان پزیشکی دەرمانساز بووە، دایک و باوکیشی فەرمانبەری حکومی بوون و ساڵانێکی زۆرە لە بەغداد دەژین.

ھێشتا ھێزە ئەمنییەکان زانیارییان لەبارەی ڕووداوەکەو ئەنجامدەرانی ئاشکرا نەکردووە، کەسوکاری کوژراوەکان چوونەتە بەغداد بەمەبەستی گەڕاندنەوەی تەرمەکانیان بۆ سلێمانی و بەخاکسپاردنیان.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی کوژراوەکان بۆ پەرەگراف وتی "ئەوان ھیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کەسدا نەبووە، بەنیازبوون بەمزوانە بە ماڵەوەبگەڕێنەوە سلێمانی و لێرە نیشتەجێ ببن، بۆ ئەو مەبەستەش سەرقاڵی فرۆشتنی ماڵوموڵکیان بوون لە بەغداد، تەنھا گومان ئەوەیە لەپێناودزینی پارەو سامانەکەیاندا کوژرابن".

سەرچاوەیەکە وتیشی "ئەو زانیارییانەی لە میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە کە گوایە سەریان بڕدراوەو دەستدرێژییان کراوەتەسەدوورن لە ڕاستییەوەو تەنھا خنکێندراون".

ڕووداوەکە کاردانەوەیە فراوانی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوەو داوای بەپەلە ئاشکراکردنی تاوانباران و بە سزا گەیاندنیان دەکرێت.

ھاوکات دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند "لەباره‌ى ئه‌و خێزانه‌ كورده‌ى دوێنێ شه‌و له‌ به‌غدا به‌شێوه‌يه‌كى دڕندانه‌ كوژران، ده‌زگائه‌منييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌داوى باشيان ده‌ست كه‌وتووه‌ و له‌ ماوه‌يه‌كى زۆر كورتدا زانيارى زياتر بڵاوده‌كه‌ينه‌وه‌".