چەکی پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتە ھەرێم

17-09-2020 12:58

پەرەگراف

حکومەتی عێراق پارەی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی خەرج کردو چەکی پارەی نزیکەی ٣٠ ملیار دینار گەیشتە ھەرێمی کوردستان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "پارەکە شایستەی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانە کە لێیان وەرگیراوەو ھەفتەی داھاتوو لە بانک وەردەگیرێت و دابەش دەکرێت".

ھەفتەی ڕابردوو پەرەگراف لە زاری دیلان غەفور، ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرھێنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشکرایکرد، سەردانی وەزارەتی بازرگانی عێراقیان کردووە بە مەبەستی بەدواداچوون لەبارەی پارەی گەنمی جوتیاران و لەوێ زانیارییان پێدراوە لەبارەی خەرجکردنی پارەکە.

"پێمان ڕاگەیەندرا ھەفتەی داھاتوو بڕی زیاتر لە ٤٥٦ ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ئەمساڵ خەرج دەکرێت و پشکی ھەرێمیش ڕەوانە دەکرێت" دیلان غەفور ئەوکات وای وت.