وەزیری دارایی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەبارەی "دزینی دوو ملیار دینار" لە بانکێکی ھەولێر پێکھێنا

17-09-2020 07:29
ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی

پەرەگراف

ئاوات جەناب نورى وەزیرى دارایى و ئابورى هەرێم، بە فەرمانێکى وەزارى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى لەبارەى کێشەکەى بانکى منارە پێکهێنا.

لیژنەکە کەسێک لە دیوانی وەزارەت سەرۆکایەتی دەکات و ئەندامێکی داواکاری گشتی سەرپەرشتی دەکات.

پێکھێنانی لیژنەکە لە کاتێکدایە، دوێنێ ھێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆکی لیژنە دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: لە یەکێک لەبانکەکانی ھەولێر کارمەندی ژمێریاری بانکەکە دوو ملیار دیناری دزیوەو، دواتر کارمەندێکی ئەو بانکە زانیاری داوە بە لایەنی پەیوەندیدار ویەکسەر گەیشتوونەتە بانکەکەو ئەو کارمەندە بانگ کراوە کە دوو ملیار دیناری دزیبوو، "دانی پێدادەنێت و لەکامێرای بانکەکەشدا دەردەکەوێکە بەڵێ پارەکە بەکاش بردوویەتی".

دواتر دەستەی دەستپاکی لەناو بانکەکە دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە و کارمەندەکە دوو ملیارەکە دەگەڕێنێتەوەو تووندترین ئیجرائاتییاسایی لەگەڵ دەکرێت.

رووداوەکە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو روویداوە، ھێڤیدار دەڵێت "دەستی ئەو کارمەندە دڵسۆزە خۆش بێ کە لەو دزییە گەورەیە بێ دەنگنەبووەو حەقی خۆیەتی بە باشترین شێوە خەڵات بکرێ و پلەکەی تەرفیع بکرێ".