بەرهەم ساڵح: دۆخی نەخوازراوی كەركوك چارەسەر بكرێت دوور لە سەپاندنی ئەمری واقیع

18-09-2020 12:21
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بەرهەم ساڵح‌و پێكهاتەكانی كەركوك. وێنە؛ سەرۆكایەتی كۆمار.

پەرەگراف

بەرهەم ساڵح تەئكید لە چارەسەری دۆخی نەخوازراوی كەركوك دەكات دوور لە سەپاندنی ئەمری واقیع، داواش دەكات خەڵكی كەركوك خۆیان بڕیارەكانیان بدەن بۆ چارەسەری ناكۆكییەكانیان.

ئەو وتانەی سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆبوونەوەیەكی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ نوێنەری پێكهاتە جیاجیاكانی شاری كەركوك، تێیدا بەرهەم ساڵح مەترسیی ئەوەی پیشانداوە كە چارەسەرنەكردنی كێشەكانی كەركوك ببێتە درزێك و تیرۆرستان هەوڵ بدەن بیقۆزنەوە و هەڕەشە لە ئارامی و ژیان و گوزەرانی شارەكە بكەن.

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە كە وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوە

سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ پێنجشەمە ٢٠٢٠/٩/١٧ لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازی لە نوێنەری پێكهاتە جیاجیاكانی شاری كەركوك كرد و تەئكیدی لە چارەسەری كێشەكان و زامنكردنی پێكەوەژیان كردەوە دوور لە سیاسەتی سەپاندنی ئەمری واقیع.

لە دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختی لە پێویستی چارەسەركردنی دۆخی شاری كەركوك كرد بە پشتبەستن بە دەستوور و خواستی دانیشتوانی رەسەنی ئەو شارە كە بەهۆی دیكتاتۆریەت و گەندەڵی و سەپاندنی ئەمری واقیع و پەراوێزخستن زیانی زۆریان بەركەوتووە، لەم رووەوە سەرۆك بەرهەم تەئكیدی لە كۆتاییهێنان بەم بارە نەخوازراوە كردەوە‌.

سەرۆك بەرهەم باسی لەوەش كرد ئێستا دیالۆگی جددی لە نێوان پێكهاتەكانی شارەكە لە ئارادایە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی كەركوكیانە بەگوێرە‌ی دەستوور، بەجۆرێك دوور لە گرژی و ئاڵۆزی زامنی ئارامی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە بكات. لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار تەئكیدی كردەوە بۆ دەستەبەركردنی دیموكراسی و پێكەوەژیان وا پێویست دەكات خەڵكی كەركوك خۆیان بڕیارەكانیان بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو لایەكی راسپارد بە دیدار و گفتوگۆی بنیاتنەرانە ناكۆكی و جیاوازیەكانیان چارەسەر بكەن و شارەكەیان بەدوور بگرن كە ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و بەریەككەوتن.

سەرۆك كۆمار مەترسی ئەوەشی بۆ ئامادەبوان ڕوونكردەوە كە چارەسەرنەكردنی كێشەكان ببێتە درزێك و تیرۆرستان هەوڵ بدەن بیقۆزنەوە و هەڕەشە لە ئارامی و ژیان و گوزەرانی كەركوك بكەن.

ھەر لە درێژەی دیدارەكەدا سەرۆك بەرهەم دووپاتیكردەوە كە ئەو لە پێگەی خۆیەوە خەمخۆری كەركوكیەكانە بەهەموو پێكهاتە رەسەنەكانیەوە و چاودێری و بەدواداچونی دۆخی كەركوك دەكات بۆ كەمكردنەوەی ئاستەنگەكان، ئاماژەشی كرد كە حكومەتی سەرۆكوەزیران مستەفا كازمی سورە لە سەر ئاڕاستەی یەكلایكردنەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و هەنگاونان بەرەو چارەسەری پێویست.

سەرۆك بەرھەم راشیگەیاند كەركوك شارێكی دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی و پێویستە ئەمە بخرێتە خزمەتی خەڵك و بونیاتنانی ژیانێكی شایستە بەهەموو عیراقیەكان.

لەلای خۆیانەوە شاندی كەركوك سوپاس و ستایشی خۆیان پێشكەش بە سەرۆك كۆمار كرد لەسەر ئەو مكوڕی و بەدواداچونە بەردەوامەی هەیەتی بۆ دۆخی كەركوك و دانیشتوانەكەی و خەمخۆری بەدەنگەوەهاتنی سەرۆك بەرهەمیان بەرز نرخاند لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگاریانەی كە رووبەڕووی شارەكە و دانیشتوانەكەی دەبێتەوە.

لە كۆتایی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار بە وردی گوێی لە شاندی كەركوك گرت سەبارەت بە كێشەكانی شارەكەیان، بەڵێنیشیدا بەدواداچون بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەكانیان بكرێت بۆ ئەوەی ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزەرانی و ئازادی بۆ دانیشتوانەكەی بێتەدی.