پەنجەی تۆمەت‌و بەرپرسیارێتی لە سووتاندنی سنۆبەرەكانی تاسڵوجە بۆ قوباد تاڵەبانی ڕادەكێشرێت

18-09-2020 07:19
دیمەنی سووتاندنی سنۆبەرەكانی تاسڵوجە - قوباد تاڵەبانی

پەرەگراف

سووتاندنی دار سنۆبەرەكانی ڕێگای تاسڵوجە-سلێمانی بۆ پڕۆژەی بازرگانیی ناڕەزایی فراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێكەوتەوە، ئەنجومەنی وەزیران لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكات‌و ڕووی ڕەخنەكان لە جێگری سەرۆكوەزیرانە.

پەرلەمانتاران‌و چالاكوانانی ناڕازیی ڕەخنەی تووند لە بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانی‌و حیزبە باڵادەستەكانی ئەو شارە، لە سەرووی هەموویانەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم كە لە ڕووی واقعییەوە كەسی یەكەمی بڕیاربەدەستی حكومەتە لە پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكان.

سووتاندنی دار سنۆبەرەكان بە مەبەستی بەكارهێنانی زەوییەكەیەتی بۆ پڕۆژەی بازرگانیی‌و كەسانی دەستڕۆیشتوو لەپشتییەوەن، عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان كە چەندین جار ئەو پرسەی وروژاندووەو داوای ڕاگرتنی سووتاندنەكە دەكات، دەڵێت "ئێوە كە خاوەنی ملیۆنان دۆلارن؛ سوتاندنی ئەم سنەوبەرانە ژیانتان ناگۆڕێت؛ تەنیا ژمارەی پارە زیاددەكات! دەبێ كێ لەخەمی ئەم شارەو سنەوبەرەكاندا بێت، ئەوە كێیە دەتوانێت سنەوبەركوژەكان ڕابگرێت!".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەش دەخاتەڕوو، ماوەی دوو مانگە بە بەرپرس و دەسەڵاتدارانی وتوووە تكایە ڕێگا لە سوتاندنی سنەوبەرەكانی ڕێگای ڕاپەڕین و داگیركردنی زەویەكەی بگرن، "پلانەكە ئەمەیە: شەوانە بە دزییەوە سنەوبەرەكان بسوتێنن.. پاشان نزیكەی ١٢٠ دۆنم زەوی بكە بە پێشانگای ئۆتۆمبیل و ١٠٠ ملیۆن دۆلار قازانج بكات!.. پاشان لە ڕێگای شارەوانی سلێمانیەوە ڕێگاپێدانی كاتیی بۆ وەربگرن! تكایە خەمخۆرانی سلێمانی با ڕێگربین لەم تاوان و داگیركاریە!".

لەگەڵ ئەوەی چەندجارێك عەلی حەمەساڵح ئەو پرسەی وروژاندووە، بەڵام هیچكات وەك ئێستا ناڕەزایی‌و كاردانەوەی فراوانی لێنەكەوتووەتەوە، بەتایبەت كاتێك ئەمڕۆ دیمەنی سووتاندنەكەی بە ڤیدیۆ بڵاوكردەوە كە ئاگرو دوكەڵ لە دار سنۆبەرەكان بەرزدەبنەوە.

"ئەڵێن: بە ئاگاداری و بڕیاری قوباد تاڵەبانی و بە ڕەزامەندی پارێزگارو قایمقام و سەرۆكی شارەوانی؛ بڕیار دراوە شوێنی دار سنەوبەرەكانی لای تاسڵوجە بدرێت بە یەكێك لە هاوسەرۆكانی یەكێتی، بۆ ئەوەی بیكاتە پێشەنگاو گەراجی ئۆتۆمبێل و بە پارەیەكی زۆر بیفرۆشێتەوە بە خەڵك. گەر وانیە با ئەو بەرپرسانە ڕونكردنەوە بدەن و وێرانكردنی ئەو ژینگەیە ڕابگرن" ئەمە نووسینی عەبدوڵا مەلا نوری پەرلەمانتاری پێشووی كوردستانە لە كاردانەوەی سووتاندنی سنۆبەرەكان.

هاوكات سەركۆ گەڵاڵی پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، ئەو كارە بە تاوانێك ناودەبات كە بێدەنگ نابن لێی‌و دەڵێت "داوكارم لە پارێزگاری سلێمانی و دەزگا ئەمنیەكان بە جدی بێنە سەرخەت بۆ ڕیگری كردن لەم تاوانە بە بەرچاویانەوە ڕوودەدات. پێویستە نەك تەنها ڕێگری بەڵكو دەبێت لێپرسینەوە لە هۆكاری سوتاندنی ئەم سنەوبەرانە بكرێت، ناكرێت جوانی و ژینگەی شاری هەڵمەت و قوربانی بكرێتە قوربانی بەرژەوەندی..".

هەروەها هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، ڕەخنەی تووند لە سووتاندنی سنۆبەرەكان دەگرێت‌و هەڕەشەی ئاشكراكردنی ناوی ئەو بەرپرسانە دەكات كە لەپشت ئەو كارەوەن، ئەگەر سووتاندنەكە ڕانەگیرێت.

هۆشیار عەبدوڵا لە بانگەوازێكدا بە ناونیشانی "ئەم تاوانە دژی سلێمانی ڕاگرن"، دەڵێت "سوتاندنی ئەم سنەوبەرانەی رێگای تاسڵوجە بە ئاگاداری بەرپرسێكی حزبییە كە بەرپرسیارێتی لەناو حكومەتی هەرێمدا هەیە، ناوی بەرپرسەكە و ئەو بازرگانەشم لایە كە ۱۲٠ دۆنم زەوی لەسەر ئەو رێگایە بە بەهای زیاتر لە ۱٠٠ ملێۆن دۆلار پێ ئەدرێ! ئەم تاوانە ژینگەیی و ئەم كارەساتە گەورەیە دژی سلێمانی رادەگرن باشە رای ناگرن هەمو راستیەكان بەناوەوە بڵاو دەكەینەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان داوا لە ڕایگشتی‌و حیزب‌و لایەنەكان دەكات بێنەدەنگ لەسەر ئەو پرسەو دەشڵێت "پارێزگاری سلێمانی لە پشكی گۆڕان لە كوێیە و هەڵوێستی چییە؟! ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پەرلەمانی كوردستان، ڕێكخراوەكان، میدیاكان لە كوێن و هەڵوێستیان چیە لە دژی سوتاندنی سنەوبەر و تاڵانكردنی زەوی و زاری ئەم وڵاتە؟!".

هەرلە درێژەی ناڕەزاییەكاندا، شنیار ئەنوەر چالاكوان‌و هاوسەری سەركەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری عێراق بابەتێكی لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك بە ناونیشانی "قوباد تاڵەبانی چی لە سلێمانی كرد؟" نووسیوەو تێیدا ڕەخنەی تووندی لێدەگرێت‌و بەرپرسیارێتی سووتاندنی سنۆبەرەكانی تاسڵوجە دەخاتە ئەستۆی ئەو.

ئەو چالاكوانە ئەمڕۆ سووتاندنی سنۆبەرەكانی بینیوەو داوا لە خەڵك دەكات بە هاشتاگی "قوباد_سنەوبەرەكانمان_مەسوتێنە" بەشداربن لە فشارەكان بۆ ڕاگرتنی سووتاندنەكە، وەك پشتیوانییەكیش سەركەوت شەمسەدین پەرلەمانتارو هاوسەری شنیار، بە بەكارهێنانی هەمان هاشتاگ نووسینەكەی لە پەیجی خۆی بڵاوكردووەتەوە.

چەندین كەسی دیكەش ڕەخنەیان لە سووتاندنی سنۆبەرەكان گرتووەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پۆستیان لەسەر كردووە، سەدان كەسیش بە كۆمێنت بەشدارییان كردووەو ڕەخنەی تووند دەگرن‌و داوای ڕاگرتنی سووتاندنی سنۆبەرەكان دەكەن.

لە گەرمەی ناڕەزاییەكاندا، كەنالی كوردستان24 نزیك لە مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێم لە هەواڵێكدا لە زاری سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند "دەربارەی بابەتی سووتاندنی سنەوبەرەكانی ڕێگەی تاسڵوجە لە سلێمانی، ئەنجومەنی وەزیران لێكۆڵینەوەی دەست پێكردووە و هەریەك لە وەزارەتەكانی ناوخۆ و كشتوكاڵ و دەستەی ژینگە بە هاوكاری پارێزگاری سلێمانی خەریكی بەدواداچوونن بۆ زانینی هۆكارەكانی سووتانی سنەوبەرەكان و ڕووبەری زەوییەكە".

هەرچەندە پەنجەی تۆمەت‌و بەرپرسیارێتی ڕووی لە قوباد تاڵەبانییە، بەڵام تائێستا نەخۆی نە نووسینگەكەی هیچ قسەو ڕوونكردنەوەیەكیان نییە لەبارەی سووتاندنی سنۆبەرەكانی تاسڵوجەو چارەنووسی زەوییەكەی.