
پەرەگراف
وەزارەتی دارایی هەرێم گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار لە بانكێكی ئەهلیی وەردەگرێتەوەو لەمەودوا بەشێوەی فرۆشتنی ئاشكرا دەبێت، پەرلەمانتارێك دەڵێت، بەو هەنگاوە مانگانە 9 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم، لەسەر ڕاسپاردەی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری، لەمەودوا گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار بەشێوەی فرۆشتنی ئاشكرا دەبێت و سەرجەم بانكە ئەهلیی، كۆمپانیا و نوسینگەكانی گۆڕینەوەی دراو دەتوانن بەشداربن لە پڕۆسەی كڕینی ئاشكراو گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار.
بەپێی ڕاسپاردەكەی وەزیری دارایی، ئەو هەنگاوە لە پێناو نەهێشتنی قۆرخكاری و هەلی وەك یەك بۆ هەمووان و زیادكردنی داهاتی گشتیدایە.
بڕیارەكە دوای ئەوەدێت چەندین ساڵە گۆڕینەوەی پارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم كە دۆلارە بە دیناری عێراقی دراوە بە تەنها یەك بانكی ئەهلییو سوودەكەی بۆ ئەو بانكە بووە.
عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان پشتیوانیی بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی دەكاتو ئەوە دەخاتەڕوو، پێشتر ھەر ١٠٠ دۆلار بە ١١٧ ھەزار دینار دەدرا بە بانكی كوردستان، بانكی كوردستان خۆی لە بازاڕدا دەیفرۆشت. پاشان گوازرایەوە بۆ ئاڕتی بانكو سەرتا ١٠٠ دۆلار دەدرا بە ١٢٠ ھەزار دینار و ئەمیش خۆی لە بازاڕدا دەیفرۆشت.
"پێشتر مانگانە حكومەت ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری دەگۆڕییەوە، ھەندێك مانگ قازانجی ئەم بانكانە لە ڕابردودا ٢٧ ملیار دینار بوە(بە ١١٧ وەریاندەگرت و بە ١٢٧ دەیانفرۆشت) لەم دواییەدا قازنجی مانگانە دابەزی بۆ ٩ ملیار دینار بە( ١٢٠ ھەزار وەریاندەگرت بە ١٢٣ ھەزار دەیانفرۆشت)" عەلی حەمەساڵح وادەڵێت.
ئەو پەرلەمانتارەی باسلەوەش دەكات، لە كابینەی پێشوو و ئەم كابینەیەشدا، چەندین جار داوایانكردوە ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار لە یەك بانكی ئەھلی وەربگیرێتەوەو حكومەت خۆی ڕاستەوخۆ دۆلار بە بازرگان و بانكەكان بفرۆشێت، "ھەم داھات بە قەبارەی ٩ ملیار دینار زیاددەكات(ئەگەر ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بفرۆشێت) ھەم جوڵەی دارایی دروستدەبێت".