پەیامى خامنەیى بۆ عێراق دەربارەى حەشدى شەعبى و هێزەکانى ئەمریکا

08-01-2025 10:27

پەرەگراف

ڕابەرى باڵاى شۆڕشى ئیسلامیى ئێران لە کۆبوونەوەى لەگەڵ محەمەد شیاع، بوونى هێزەکانى ئەمریکاى لە عێراق بە "داگیرکارى" ناو بردووە، داوایشى کردووە "بە جیددى ڕووبەڕووى هەوڵى ئەمریکاییەکان بۆ جێگیرکردن و فراوانکردنى ئامادەیى خۆیان لە عێراق" ببنەوە. خامنەیى لەبارەى حەشدى شەعبیشەوە جگە لە "پاراستن"ـى ئەو هێزە، دەڵێت "پێویستە زیاتر لە جاران بەهێز بکرێت".

هەڵوێست و پاڵپشتیى خامنەیى دەربارەى حەشدى شەعبى، لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە بەرپرسانى عێراق باس لە بوونى فشارى ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانى دیکەش لەسەر عێراق دەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەى حەشدى شەعبى.

لە چوارچێوەى سەردانەکەى ئەمڕۆى بۆ تارانى پایتەختى ئێران، محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەگەڵ عەلى خامنەیى، ڕابەرى باڵاى شۆڕشى ئیسلامیى ئێران کۆبووەوە. مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوو.

بەپێى میدیاى فەرمیى ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا خامنەیی ستایشى ڕۆڵى سوودانیى لە "ئاوەدانى و ئاسایش"ـى عێراقدا کردووە و وتوویەتى "چەندە عێراق ئاوەدانتر بێت و ئاسایشى زیاتر بێت، لە بەرژەوەندیى کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشە".

یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانى کۆبوونەوەکە پەیوەست بووە بە ئایندەى هێزەکانى حەشدى شەعبى. لەوبارەیەوە خامنەیى بە سوودانیى وتووە "هەروەکوو بەڕێزتان ڕوونتان کردەوە، حەشدى شەعبیش یەکێکە لە پێکهاتە گرنگەکانى هێز لە عێراقدا، پێویستە بپارێزرێت و زیاتر لە جاران بەهێز بکرێت".

هەروەها بوونى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بووە کە ڕابەرى باڵاى شۆڕشى ئیسلامیى ئێران بە "نایاسایى و پێچەوانەى بەرژەوەندیى خەڵکى عێراق" ناوى بردووە و وتوویەتى "بەڵگەکان نیشانى دەدەن ئەمریکیاییەکان لە هەوڵى جێگیرکردن و فراوانکردنى ئامادەیى خۆیاندان لە عێراق، کە دەبێت بە جیددى دژى ئەم داگیرکارییە بوەستنەوە".

سەبارەت بە پێشهاتەکانى سووریاش، خامنەیى دووپاتى کردووەتەوە "ڕۆڵی دەوڵەتانى بێگانە لەم پرسانەدا بە ڕوونی دیارە".