پەرەگراف
کۆبوونەوەیەکى فراوان بۆ گفتوگۆ لەسەر کێشەى مووچە و دۆزینەوەى ڕێگەچارە، بە بەشداریى بەرپرسانى باڵاى حکومەتى هەرێم و فراکسیۆنە کوردستانییەکانى پەرلەمانى عێراق و وەزیرە کوردەکانى حکومەتى عێراق لە هەولێر بەڕێوە دەچێت.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "کۆبوونەوەکە سبەى شەممە ١١-٠١-٢٠٢٥ بەڕێوە دەچێت و بەدرێژایى ڕۆژەکە گفتوگۆ دەکرێت".
ئەو بەرپرسەى حکومەتى هەرێم دەڵێت، کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆیە لەسەر "بەردەوامیی دواکەوتن و ناکۆکی لەسەر بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە عێراق"، بۆ ئەو مەبەستەش "سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا بانگهێشتی هەولێر کراون و وەزیرە کوردەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراقیش بەشدار دەبن".
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا مووچەى مانگى ١٢ـى ساڵى ڕابردوو لە هەرێمى کوردستان دابەش نەکراوە. وەزارەتى دارایى عێراق لە سێ مانگى کۆتایی ٢٠٢٤دا بەشەبودجەى مووچەى هەرێمى کەم کردەوە، بە پاساوى ڕادەستنەکردنى داهاتى ناوخۆ لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە، وەزارەتى درایى هەرێمیش تەنیا دوو مووچەى دابەش کرد. حکومەتى هەرێمش بانگەشەى ئەوە دەکات کە سەرجەم پایەندییەکانى خۆى لە بەرانبەر بەغدا جێبەجێ کردووە.
کێشەکانى مووچە لەنێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراق بۆ ساڵى ٢٠٢٥یش بە چارەسەرنەکراوى ماونەتەوە. گفتوگۆکانى سبەى بۆ دۆزینەوەى ڕێگەچارەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکە.