پنتاگۆن تاووتوێی ناردنی هەزاران سەرباز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات

23-05-2019 12:40

پەرەگراف

لەگەڵ چڕبوونەوەی بارگرژییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا تاووتوێی دوو بژارە بۆ ناردنی هەزاران سەربازی دیكە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات. سوپای پاسدارانیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە هێزەكانی ئەمریكا لە كەنداو لە بازنەی ئامانجەكانیدایە.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس، لە زاری چەند بەرپرسێكی ئەمریكاوە ئاشكرای كردووە كە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) پلانی رەوانەكردنی 10 هەزار سەرباز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە بەردەم كۆشكی سپی.

ئەو بەرپرسانەی ئەمریكا كە ناویان ئاشكرا نەكراوە، ڕایانگەیاندووە "هێشتا بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەو پلانەوە نەدراوە و ڕوونیش نییە كە كۆشكی سپی ڕەوانەكردنی ئەو 10 هەزار سەربازە یان بەشێكی پەسەند دەكات یان نا".

بەرپرسەكانی ئەمریكا ڕەتیان كردووەتەوە كە ئەم هەنگاوە پەیوەست بێت بە هەڕەشە نوێیەكانی ئەمریكا، بەڵكو ئامانجی ئەو پلانەیان بە "بەهێزكرنی ئاسایشی ناوچەكە" ناو بردووە. ئەمە لە كاتێكدایە كە بەردەوام ئەمریكا، ئێران و گرووپە چەكدارییەكانی لایەنگری بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە ناو دەبات.

هەروەها بەرپرسانی ئەمریكا ئاماژەیان بەوە كردووە ئەو هێزانەی كە بڕیارە ڕەوانە بكرێن، هێزی بەرگرین كە پێكدێت لە سیستمی بەرگریی مووشەكیی پاتریۆت و كەشتیی جەنگیی زیاتر بۆ چاودێریكردنی ئێران.

هاوكات ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمریكییەوە بڵاویكردووەتەوە كە "پنتاگۆن تاووتوێی ڕەوانەكردنی پێنج هەزار سەرباز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات".

ئەو دوو سەرچاوەیە كە ناویان ئاشكرا نەكراوە، ڕایانگەیاندووە كە پلانی ڕەوانەكردنی ئەو هێزە پێشنیاری فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) بووە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە كە پنتاگۆن بەو پێشنیارە ڕازی بووە یان نا.

یەكێك لەو دوو سەرچاوەیە جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەو هێزەی سێنتكۆم داوای كردووە، هێزی بەرگرییە.

ئەمریكا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا كەشتیی جەنگیی ئەبراهام لنكۆڵن و چوار فڕۆكەی بی 52 و سیستمی بەرگریی مووشەكیی پاتریۆتی ڕەوانەی ناوچەكە و كەنداو كردووە، ئەوەش بە ئامانجی ڕێگری لە هەڕەشەكانی ئێران.

لە بەرانبەردا دوێنێ‌ عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسادارانی ئێران، وتی "بەشی باكووری گەرووی هورمز بە تەواوی لەژێر كۆنترۆڵی سوپای ئێراندایە".

هەروەها فەدەوی ئەو قەسەی بەرپرسانی دیكەی سەربازیی وڵاتەكەی دووپات كردەوە كە "كەشتییە جەنگییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، لە بازنەی ئامانجەكانی سوپای پاسداراندایە".

هەوڵی ڕەوانەكردنی هێزی زیاتر لەلایەن ئەمریكاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە كاتێكدایە كە دوێنێ‌ پاتریك شاناهان، وەزیری بەرگریی ئەمریكا بە وەكالەت، ڕایگەیاند "بەهێزكردنی توانا سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە، بووە هۆی ڕاگرتنی ئەو هەڕەشانەی ئێران كە لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە هەبوو".

هەفتەی ڕابردوویش ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە زاری هەندێك بەرپرسی ئەمریكاوە كە ناویان ئاشكرا نەكرابوو، بڵاویكردەوە "پاتریك شاناهان پێشنیاری ڕەوانەكردنی 120 هەزار سەربازی لە كۆبوونەوەیەكی بەرپرسانی باڵای ئەمریكا خستووەتە ڕوو"، بەڵام دۆناڵد ترەمپ ڕەتیكردەوە پلانێكی لەو شێوەیە هەبێت.

هەموو ئەم جووڵە سەربازییانە لە كاتێكدان بەرپرسانی باڵای واشنتۆن و تاران شەڕ ڕەتدەكەنەوە و جووڵە سەربازییەكانیان بە ئامادەباشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەك ناو دەبەن.