مەزڵووم عەبدى: لەگەڵ دیمەشق دەربارەى یەکگرتوویى خاکى سووریا و چارەسەرى سیاسى هاوڕاین
پەرەگراف
مەزڵووم عەبدى، فەرماندەى گشتیى هێزەکانى سووریا دیموکرات (هەسەدە)، بۆ یەکەم جار ئاڵاى نوێى سووریاى هاوشانى ئاڵاى هەسەدە لە پشتى خۆیەوە دانا. دەشڵێت "لەگەڵ ئیدارەى نوێى دیمەشق دەربارەى یەکپارچەیى و یەکگرتوویى خاکى سووریا، چارەسەرکردنى قەیرانى سووریا بە ڕێگەى سیاسى، دۆسیەى ئەمنى و هاوڕاین. بەگشتیش بەشێوەیەکى مەبدەئى لەسەر بابەتە بنەڕەتییەکان کە پەیوەستن بە ئایدنەى سووریاوە، هاوڕاین".
مەزڵووم عەبدى لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵى سکاى نیوزى عەرەبى، سەبارەت بە کۆبوونەوەى هەسەدە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکى ئیدارەى نوێى سووریا، ڕایگەیاند "بەگشتى کۆبوونەوەیەکى ئەرێنى بوو. دەرفەتێک بوو بۆ ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووى بۆچوونەکان سەبارەت بە پرسە جیاوازەکان لە سووریا".
پێشتریش مەزڵووم عەبدى، فەرماندەى گشتیى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)، ئیدارەى نوێى دیمەشقى لەوە دڵنیا کردووەتەوە کە لەگەڵ "یەکڕیزى و یەکپارچەیى" خاکى سووریادان.
عەبدى لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى فرانس پرێس ڕایگەیاندووە "هەر پرۆژەیەکى دابەشکارى و پارچە پارچەکردن ڕەت دەکەینەوە، کە ببێتە هۆى هەڕەشە بۆ سەر یەکگروویى وڵات". هەروەها وتوویەتى کە لەو ڕووەشەوە لەگەڵ ئیدارەى نوێى دیمەشق "هاوڕاین".
ئەم لێدوانەى فەرماندەى گشتیى هەسەدە پاش کۆبوونەوەى دوو هەفتە لەمەوبەرى شاندێکی بەرپرسانی باڵای هەسەدە دێت لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا. کە سەرچاوەیەک ڕایگەیاند "کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامیی دانوستانەکان تا گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش".
کۆبوونەوەكە ڕۆژى دووشەممە 30-12-2024 ئەنجام درا و یەکەم کۆبوونەوەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع بوو.
ڕۆژێک بەر لەو کۆبوونەوەیەش لە ٢٩-١٢-٢٠٢٤، ئەحمەد شەرع، سەرۆكی ئیدارەی نوێی سووریا، جەختى کردەوە كە "كورد پێكهاتەیەكی دانەبڕاوی سووریایە". ئاشكرایشی کرد كە لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە دانوستاندان بۆ "چارەسەری كێشەی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان)".
ئەحمەد شەرع لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعەرەبییە، ڕایشیگەیاند كە دانوستانەكانیان بەو ئامانجەیە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) "ببن بە بەشێك لە هێزی دەوڵەت"، واتە بخرێنە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی سووریاوە.
سەرۆكی ئیدارەی نوێی سووریا دووپاتى کردەوە کە "ڕێگە بە دابەشبوونى سووریا نادەين".
پێشتریش لە ٢٤-١٢-٢٠٢٤، ئەحمەد شەرع، سەرۆکى ئیدارەى نوێى سووریا، لەگەڵ سەرکردەى گرووپە چەکدارییەکان كۆبووەوە. بەپێى میدیاى فەرمیى سووریا "لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتوون لەسەر هەڵوەشاندنەوەى گرووپە چەکدارییەکان و ڕێکخستنەوە و کۆکردنەوەیان لەژێر چەترى وەزارەتى بەرگریى سووریادا".