وتەبێژى حکومەتى هەرێم: ڕەنگە بڕیارێک بدەین کە خزمەت بە عێراق و هەرێمى کوردستانیش نەکات
پەرەگراف
وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجامى کۆبوونەوەى هەولێرى نێوان حکومەتى هەرێم و بەشێک لە نوێنەرانى کورد لە بەغدا دەربارەى کێشەى مووچەى ئاشکرا کرد و دەڵێت "بڕیارى کۆبوونەوەکە ئەوەیە کە ئەگەر بەغدا داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکات، ڕەنگە بڕیارێک بدرێت کە خزمەت بە عێراق و هەرێمى کوردستانیش نەکات و کاریگەریى لەسەر سەقامگیریى ناوچەکە هەبێت".
کۆبوونەوەکە لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم بەڕێوەچوو و زیات لە چوار کاتژمێری خایاند. هەرسێ فراکسیۆنى نەوەى نوێ، یەکگرتوو و کۆمەڵ بەشدارییان تێدا نەکرد.
پێشەوا هەورامانى، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان، دەربارەى داواکارییەکانى هەرێم کە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆدا لەسەر ڕێککەوتوون، وتى "دەبێت گرەنتیى مووچەى ساڵى ٢٠٢٥ـى مووچەخۆرانى هەرێم بەپێى ئەوەى لە خشتەى بودجەدا هاتووە، بکرێت و بە هیچ شێوەیەک دواخستن و کێشە دروستکردن نەبێت".
"لەو هەموارەى کە لە یاساى بودجەدا دەکرێت، دەبێت هەرێمى کوردستان لەو بڕگە و ماددانەى پەیوەندیى بە هەرێمەوە هەیە قسەى خۆى هەبێت، بەو شێوەیە بێت کە مافى خەڵکى هەرێمى کوردستانى تێدا پارێزاراو دەبێت"، پێشەوا هەورامانى واى وت.
هەروەها داواکارییەکی دیکە ئەوەیە کە بۆ ساڵى ٢٠٢٦، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە کە "دەبێت حکومەتى عێراق بودجەى هەرێم بنێرێت، نەک تەنیا مووچە. دەبێت بەپێى سەرژمێریى نوێ بەشەبودجەى هەرێم بنێردرێت".
وەکوو وتەبێژى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا "چەند وەزیرێکى کورد لە بەغدا ڕاسپێردران کە ئەم بڕیارانە وەکوو پەیامێک بگەیەنن بە حکومەتى فیدراڵى".
دەربارەى ئەو بڕیارەى کە لە ئەگەرى جێبەجێنەکردنى داواکارییەکانى هەرێمدا لەلایەن حکومەتى هەرێم و بەشێک لە نوێنەرانى کورد لە بەغدا دەدرێ، وتەبێژى حکومەت وتى "کشانەوە لە پرۆسەى سیاسى یان هەر بڕیارێکى دیکەیە، ئەوە دەمێنێتەوە بۆ لایەنە سیاسییەکان".