نەوەی نوێ بڕیاری دا بەشداری لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم نەکات

18-01-2025 06:08

پەرەگراف

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، دوای کۆبوونەوەیەکی فراوانی جوڵانەوەکەیان، بڕیاری نەچوونە حکومەتی نەوەی نوێی ڕاگەیاندو دەڵێت: پارتی پێشنیاری 6 وەزارەتی بۆ کردوون بە پۆستی بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و تەواوی دەسەڵاتەوە.

شاسوار عەبدولواحید باسی لەوە کرد، لە گفتوگۆکاندا پارتی پێداگریی کردووە لەسەر پۆستی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و ئامادەش نییە تەواوی پۆستەکانی دیکە بدات بە ئەوان و باسی 6 وەزارەتیان کردووە، ئەوەش دژی پڕۆژەکەی نەوەی نوێیە کە داوا دەکات سەرۆکوەزیران بۆ لایەنێک و سەرجەم وەزارەتەکانی دیکەش بۆ لایەنێکی دیکە بێت.

"ئێمە پێمانوایە کێشەکانی هەرێمی کوردستان بە 50 بۆ 60 کەسی ئێمە کە بیاننێرینە حکومەت چارەسەر نابن، ئەگەر بچینە حکومەتەوەو پارتی هەموو دەسەڵاتێکی لابێت ئەوە کارێکی خراپەو ناتوانین ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکەین کە بە خەڵکەمانداوە" شاسوار عەبدولواحد وای وت.

ڕوو بە حیزبەکانی دیکەش، سەرۆکی نەوەی نوێ وتی: "هەر لایەنێک گۆڕانکاریی دەوێت و دەیەوێت هەژموونی یەک حیزب نەمێنێت، 15 کورسییەکەی نەوەی نوێ بێبەرامبەر پێشکەشیان بێت بابێن سەرۆکوەزیرانێک هەڵبژێرن لە دەرەوەی پارتی ئێمە دەنگیان دەدەینێ و نیوە+1ی پەرلەمانین".

شاسوار عەبدولواحد وتیشی، ئەگەر تا رۆژی چوارشەممە پەرلەمان کۆنەبێتەوەو دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژیردرێت، محەمەد سلێمان (سەرۆكی تەمەن لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ) دەست لە سەرۆكایەتیی تەمەنی پەرلەمان دەكێشێتەوە.