وەزارەتى دارایى عێراق: پابەندین بە یاسا و بڕیارەکان تایبەت بە مووچە، بەڵام هەرێم پابەند نییە

18-01-2025 11:42

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی عێراق جەخت لە پابەندیی خۆی بە خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە چوارچێوەی یاسای بودجە و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەردەبڕێت، بەڵام دەڵێت "هەرێمی كوردستان بە یاسا و بڕیارەكانەوە پابەند نەبووە، داهاتی نەوتی و نانەوتیی ڕادەست نەكردووە و بە کردارى تەوتینى نەکردووە". وەزارەتەكە داوا لە هەرێمی كوردستان دەكات كە لە سەرەتای ساڵی (2025)ـەوە پابەند بێت بە جێبەجێكردنی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی "بەبێ‌ كەمتەرخەمیكردن".

درەنگانێكی شەوی ١٧-٠١-٢٠٢٥، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند "سەبارەت بە تەرخانكردنی پارە بۆ مووچەی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی فیدراڵی، پابەندبوونی تەواومان بە یاسای بودجە و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی بودجە دووپات دەكەینەوە".

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەم ڕوونكردنەوەیە لەژێر ڕۆشنایی ئەو هەواڵ و لێدوانانە دەدات كە لە سۆشیال میدیا و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لەلایەن هەندێك لە پەرلەمانتارانەوە سەبارەت بە تەرخانكردنی پارە بۆ مووچەی هەرێمی كوردستان بڵاو دەكرێنەوە.

وەزارەتی دارایی عێراق ژمارەیەك نووسراو و ڕوونكردنەوەی خۆی سەبارەت بە هەرێم بڵاو كردووەتەوە كە لە بەشێكیدا دەڵێت "حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی (ماددەی 12/دووەم/أ، ب، ج، د، ه)ـی یاسای بودجەی فیدراڵی، هەروەها پابەند نەبووە بە بڕیاڕی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە ڕادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان".

وەزارەتی دارایی عێراق بە وردی ڕوونی كردووەتەوە كە "هەرێم لە سەرەتای مانگەكانی ساڵی 2024دا نەیتوانی داهاتی نەوت بەپێی یاسای بودجە ڕادەست بكات، بەهۆی بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەكەی، بۆیە نەوتی بەسرە بڕی بەرهەمهێنانی زیاد كرد بۆ قەربووكردنەوەی، بەڵام لە دوای ئەوەی هەرێم خۆی دەستی بە فرۆشتنی نەوت لە دەرەوەی كۆمپانیای سۆمۆ كردەوە، هیچ داهاتێكی ڕادەست نەكردووە، لە چوارچێوەی تەرازوی پێداچوونەوەی مانگانەیشدا ئاشكرا نەكراوە".

وەزارەتی دارایی عێراق پاشان باس داهاتی نانەوتیی هەرێم دەكات كە لە 2024دا زیاتر لە "چوار تریلیۆن دینار" بووە و دەڵێت "تەنیا 399 ملیار دیناری ناردووە. لە مانگی تەمووزیشەوە تا ئێستا هیچ داهاتێكی نانەوتیی نەناردووە".

هەروەها ڕەخنەی ئەوە لە هەرێمی كوردستان دەگرێت كە "مووچە و دەرماڵەی زیادەی لە دەرەوەی بڕی تەرخانكراو، بۆ فەرمانبەرەكانی خەرج كردووە"، كە ئەوەش وای كردووە وەزارەتی دارایی عێراق "نەتوانێت پارە بۆ لیستە نێردراوەكان بەشێوەیەكی تەواو و وردبینیكراو لەلایەن فەرمانگەی بودجەوە دابین بكات".

یەكێكی دیكە لەو هەنگاوانەی حكومەتی هەرێم كە وەزارەتی دارایی عێراق ڕەخنەی لێ‌ دەگرێت، هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمە لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراق بەشێوەیەكی "تاكلایەنە".

"هەرێم زیادەڕۆیی كردووە لە تەرخانكراو بۆ خەرجیی مووچەی خانەنشیان، كە ئەوەش وای كردووە وەزارەتی دارایی نەتوانێت پارەی مانگی كانوونی یەكەمی (2024) بدات، بەهۆی ئەوەی هەرێم پێشێلكاری كردووە لە خەرجیی مووچەی تەرخانكراوی مووچەی خانەنیشنی"، وەزارەتی دارایی عێراق وا دەڵێت.

وەكوو لە ڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە، پاش دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم بەپێی یاسای خانەنیشنیی ژمارە 9ـی ساڵی 2019ـی هەمواركراو، بۆ چۆنێتیی جێبەجێكردنی یاساكە، لیژنەیەك بە سەرۆكایەتیی بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی و نوێنەری هەرێمی كوردستان پێك هاتووە.

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت "بەڵام هەرێم بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی بوونی تەرخانكراو یان چاوەڕێكردنی كارەكانی لیژنەكە، مووچەی خانەنیشیانی هەرێمی خەرج كرد، كە بووە هۆی زیادەڕۆیكردن لە تەرخانكراو، وەزارەتی داراییش نەیتوانی پارەی زیاتر لە تەرخانكراو و ڕێژەی (12.67)ـی پشكی هەرێم خەرج بكات، لەبەر ڕۆشنایی خەرجیی ڕاستەقینە".

سەبارەت بە بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم (تەوتین)، وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاندووە "تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە بۆ فەرمانگەی ژمێركاری"، ئاماژەی بەوەش كردووە كە "وەزارەت و پارێزگاكانی عێراق لیستی ناوی كەسەكان و ئەو بانكانە ڕەوانە دەكەن كە هەر مووچەخۆرێك مووچەی لێ وەردەگرێتگ، بەڵام هەرێم ئەوەی نەكردووە.

"ئەگەر هەرێم بە كرداری مووچەی فەرمانبەرەكانی تەوتین بكردایە، لیستەكانی ڕەوانەی فەرمانگەی ژمێركاریی وەزارەتی دارایی دەكرد، بەمەبەستی دابەزاندنی مووچەكانیان، جگە لەوەش هەرێم تا ئێستا ژمارەی وەزیفیی تەواو نەكردووە، سەرەڕای كۆتاییهاتنی ساڵی دارایی (2024)"، وەزارەتی دارایی عێراق وا دەڵێت.