
پەرەگراف
مەزڵووم عەبدی هۆشداری دەدات كە هەر ڕێكارێكی دیكە لەبریی گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی هاوبەش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بۆ تێكەڵكردنی هێزەكانیان، كێشەی گەورەی لێ دەكەوێتەوە. جەختیش دەكاتەوە كە "چەك دانانێین و هێزەكانمان هەڵناوەشێنینەوە". فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەربارەی پەیوەندییەكانیشیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع دەڵێت "كردار دیاریی دەكات نەك گوفتار".
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەناڵی (العربیە) ڕایگەیاند "هێزەكانمان چەك ڕادەست ناكات و خۆیشی هەڵناوەشێنێتەوە، بەڵام دەیەوێت تێكەڵ بە سوپای سووریای ئایندە بێت".
دەربارەی كۆبونەوەی تێكەڵكردنی گرووپە چەكدارەكان كە لەنێوان ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای ئێستای سووریا و سەركردەی گرووپەكان بەڕێوەچوو، فەرماندەی گشتیی هەسەدە وتی "بانگهێشت نەكراوین و ئەنجامی كۆبوونەوەكە پەیوەندیی بە هێزەكانی سووریای دیموكراتەوە نییە".
عەبدی ئاشكرایشی كرد كە پێشنیازی پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشیان كردووە بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی بابەتی تێكەڵكردنی هێزەكان و جەخت دەكاتەوە كە "دژی بیرۆكەی بوونی دوو سوپاین لە سووریا".
فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕایشیگەیاند "پەیوەندیمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، كردار دیاریی دەكات، نەك گوفتار".
مەزڵووم عەبدی ڕەتی كردەوە هیچ پەیوەندییەكی "ئاشكرا یان نهێنی"یان لەگەڵ ئێران هەبێت و ڕەتیشی كردەوە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان لەو وڵاتە وەرگرتبێت.
"ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە و پێویستمان بە فڕۆكەی ئێران نییە. بە توانای خۆڕسكی خۆمان فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەرهەم دەهێنین و توانای خستنەخوارەوەی درۆنە پێشكەوتووەكانی توركیامان هەیە"، فەرماندەی گشتیی هەسەدە وا دەڵێت.