سەرۆکى کاتیى پەرلەمان: دانیشتنى چوارشەممە ڕێکنەخرێت، بەرپرسیارێتیى لێکەوتەکانى دەکەوێتە ئەستۆى فراکسیۆنەکان

پەرەگراف
سەرۆکى کاتیى پەرلەمانى کوردستان بە نووسراوى فەرمى داوا لە سەرۆکایەتیى دیوانى پەرلەمان دەکات کە ئەندامانى خولى شەشەم بانگهێشت بکات بۆ تەواوکردنى دانیشتنى یەکەم و هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى لە کاتژمێر ١١:٠٠ـى پێشنیوەڕۆى ڕۆژى چوارشەممە ٢٢-٠١-٢٠٢٥.
محەمەد سڵێمان لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ کە بەتەمەنترین ئەندامى پەرلەمانە و سەرۆکایەتیى دانیشتنى یەکەمى پەرلەمان دەکات، بەهۆى تەواونەکردنى ئەو دانیشتنە و دواکەوتنى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان، خۆى و فراکسیۆن و جوڵانەوەکەى ڕووبەڕووى ڕەخنە بوونەتەوە.
محەمەد سڵێمان لە نووسراوەکەدا دەڵێت "بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەو دانیشتنە ڕێکنەخرێت و فراکسیۆنەکان بەشدار نەبن، ئەوا بەرپرسیارێتیى یاسایى و هەر لێکەوتەیەکى تر دەگرنە ئەستۆ کە لە داهاتوودا ڕوو دەدات".
دواى ئەو ڕەخنانەى ڕووبەڕوویان بووەوە، دوێنێ شەممە ١٨-٠١-٢٠٢٥، جوڵانەوەى نەوەى نوێ بڕیارى دا "ئەگەر تا ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمان کۆنەبێتەوە و فراکسیۆنەکان بەشدار نەبن لە هەڵبژاردنى دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، محەمەد سلێمان (سەرۆكی تەمەن لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ) دەست لە سەرۆكایەتیی تەمەنی پەرلەمان دەكێشێتەوە".
شاسوار عەبدولواحد لە کۆنگرەیەکە ڕۆژنامەوانیدا وتى "دەبوو پەرلەمانى کوردستان لە ماوەى ٤٥ ڕۆژدا یەکەم دانیشتنى ئەنجام بدایە و تێیدا هەم پەرلەمانتاران سوێندى یاساییان بخواردایە و هەم دەستەى سەرۆکایەتییان هەڵبژاردایە، بەڵام ئەوەیان نەکردووە، بۆیە ئەمە لێکەوتەى یاسایى هەیە و پارتى و یەکێتى بە پلەى یەکەم و فراکسیۆنەکانى دیکەش لێى بەرپرسن".