یەکێتیى خانەنشینانى کوردستان: دەبێت یاساى خانەنشینى بە تەواوى جێبەجێ بکرێت، نەک بڕگە بڕگە بکرێت

پەرەگراف
یەکێتیى خانەنشینانى کوردستان ڕایدەگەیەنێت "لاریمان نییە لە کەمکردنەوەى تەمەنى خانەنشینى بۆ ٦٠ ساڵ لەلایەن حکومەتى کاربەڕێکەر و بەپێى یاساى خانەنشینیى یەکگرتوو، بەڵام دەبێت هەموو یاساکە جێبەجێ بکرێت، هەروەها دەبێت دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچە کە لە دواى ٢٠١٣ ڕاگیراون، دەست پێ بکرێتەوە، تەوتینیش وەکو بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى جێبەجێ بکرێت کە ئێستا دەیان هەزار خانەنشین چاوەڕێن مووچەکانیان لە بانکى دڵخوازى خۆیان جێگیر بکرێت".
سادق عوسمان، وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "بڕیارێك لە حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمەوە بۆ كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینیی لە 63 ساڵ بۆ 60 ساڵ دەرچووە. بڕیارەكە داهێنان نییە، بەڵكو ئەڵقەیەكە لە ئەڵقەكانی جێبەجێكردنی یاسای ژمارە ٩ـی خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق لە چوارچێوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی".
وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان وتیشی "ئێمە دەسخۆشیمان هەیە بۆ ئەو كارە و لاریمان لێی نییە، بەڵام بە مەرجێك هەموو یاساكە وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت و ئەم خاڵانە جێبەجێ بكرێن".
سادق عوسمان بە ناوی خانەنشینانەوە سێ داواكاریی سەرەكیی خستە ڕوو. خاڵی یەكەم "كردنەوەی دەرگای دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان"ـە، كە وەكو ئەو وتی "هەیانە دەیان ساڵە چاوەڕێی دامەزراندنە".
خاڵێكی دیكەی داواكاریی یەكێتیی خانەنشینان، دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە و سەرەمووچەیە كە "لە ساڵی ٢٠١٣ بەدواوە لە هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە و ئێستا كە خەڵك خانەنشین دەكرێت، بەو مووچەیەی ٢٠١٣ دەكرێت". سادق عوسمان وتی "ئەوە غەدرێكی گەورەیە. دەبوو لە ٢٠١٣ تا ئێستا بە پلەبەرزكردنەوە چەند دەچووە سەر مووچەكانیان، بەو مووچەوە خانەنشینیان بكەن".
خاڵی سێیەم كە یەكێتییەكە داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات جێبەجێی بكات، پاداشتی خانەنشینبوونە، كە وەكوو وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینان دەڵێت "حكومەتی هەرێم هەر بە یاسا كۆنەكە كار دەكات كە لە ٢٠١٤ـەوە ئەرزشی نەماوە. شەش مانگی مووچەی بنەڕەتی دەدات بەو فەرمانبەرەی كە خانەنشین دەبێت، بەڵام لە عێراقدا مووچەی ساڵێكی تەواو بە هەموو دەرماڵەكانەوە دەدرێت".
وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان باسیشی لە نیگەرانیی خانەنشینان كرد دەربارەی دواخستنی تەوتین و وتی "دەیان هەزار خانەنشین چاوەڕێی بەبانكیكردنی مووچەكانیان لە بانكە فیدراڵییەكان. بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، تەوتینكردن ئیلزامی نییە لە هیچ بانكێكی دیاریكراودا، پێوستە مووچە لەو بانكە تەوتین بكرێت كە مووچەخۆر خۆی ئارەزوومەندە، ناكرێت بەزۆر دوو بانك بەسەر مووچەخۆردا بسەپێنرێت كە یەكێكیان هەڵبژێرێت".