پەیامی بارزانی لە ساڵیادی ڕیفراندۆم

25-09-2020 11:15

پەرەگراف

"خۆ ناچەمێنین" ئەمە پەیامی ئەمڕۆی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتییە لە سێیەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان کە بەزمانی ئینگلیزی لە تویتەر بڵاوی کردووەتەوە.

پەیامەکەی بارزانی سووربوون پیشاندەدات لەسەر ھەڵوێستەکانی و خۆ ڕادەست نەکردن بە لایەنی بەرامبەر، لە سەروەختی ڕیفراندۆمدا ئەو دەستەواژەیەی بەکاردەھێنا وەک وەڵامدانەوە بۆ ئەو فشارانەی لەسەری بوو کە داوای دواخستنی ڕیفراندۆمیان دەکرد.

ھەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم پەیامێکی بۆ ساڵیادی ڕیفراندۆم بڵاوکردەوەو دەڵێت "یادی پڕ شکۆی ڕیفراندۆم، یادیدەربڕینی هەستی ئازادیخوازی گەلەکەمان لەم ڕۆژە پیرۆزە دا بەرز و پایەدار بێت. هیوادارم هەموو ئاوات و مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بەشێوەیەکی ئاشتیانەو سەردەمیانە بێنە دی".

مەسعود بارزانی لەکاتی ڕیفراندۆمەکەدا سەرۆكی هەرێم‌و ئاڵاهەڵگری سەرەكیی ئەنجامدانی پڕۆسەکە بوو، ساڵانە یادی ئەو ڕۆژە دەکاتەوەو ساڵی ڕابردووش لەو یادەدە لە تویتەری نووسیبووی "لەم ڕۆژە تایبەتەدا بە بەرزی‌و ڕێزەوە سڵاو لەوانە دەكەم كە هەرگیز خۆیان نەچەماند".

ڕیفراندۆم؛ وەك چۆن سەرەتا بڕیاری ئەنجامدانی پڕۆسەکە حیزب‌و كۆمەڵگای كوردیی دابەشی دوو بەرە كرد، دەرئەنجامەكانیشی بەهەمان شێوە ئەو دابەشكارییەی دروست كردو تائێستاش بەردەوامە، نەیارانی پڕۆسەكە دەڵێن، شكستیهێناوەو زیانی بە كوردستان گەیاندووە، بەڵام لایەنگرانی بەتایبەتی پارتی، دەڵێن، دەستكەوتێكی گرنگ‌و مێژوییەو كاركردن بە دەرئەنجامەكەی هەڵگیراوە. ھاوکات حكومەتی هەرێم بە فەرمی سڕكردنی ئەنجامەكەی ڕاگەیاندووە.

ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری كوردستان

بەرەبەیانی 25-9-2017 دەرگای دەنگدان بەڕووی خەڵكی كوردستاندا كرایەوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێك كە فشارو هەڕەشەیەكی زۆری ناوخۆیی‌و دەرەكیی هەبوو هەتا كورد ئەو ڕۆژە وەڵامی ئەو پرسیارە نەداتەوە.

ئایا دەتەوێت هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ؟ ئەمە پرسیارەكەیەو بژاردەكانیش تەنها بەڵێ و نەخێر بوون، دواجار زیاتر لەسەدا 92ی خەڵكی كوردستان بەڵێ-یان هەڵبژاردو دەنگدانەكە لە دونیادا دەنگیدایەوە.

ڕۆژانی بەرلە ڕیفراندۆم كوردستان لە دۆخێكی سەخت‌و پڕ كێشمەكێشدا بوو، فشاری ناوخۆیی، ناوچەیی‌و نێودەوڵەتی لەسەر سەركردایەتی كورد‌و بەتایبەت مەسعود بارزانی بوو بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرێت‌و دوابخرێت، بەڵام بارزانی نەچووە ژێرباری فشارەكان.

حكومەتی عێراق دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكە چەندین ڕێكاری دژی كوردستان گرتەبەر، فڕۆكەخانەكانی داخست‌و ئابڵوقەی دیبلۆماسیی خستەسەر هەرێم، دوای 3 هەفتە لە ڕیفراندۆم‌و لە 16ی ئۆكتۆبەردا لەڕێی هێزی سەربازییەوە دەسەڵاتەكانی سەپاند بەسەر ناوچە جێناكۆكەكان‌و كۆنتڕۆڵی كردنەوە كە دەكاتە نیوەی خاكی كوردستان لەناویاندا شاری كەركوك.

ئەو ڕۆژانە هەرێمی كوردستان لە لێواری داڕماندابوو، خەڵكێكی زۆر لە ناوچە دابڕاوەكان ئاوارەبوون‌و پێشمەرگە دەیان شەهیدو برینداری هەبوو.

پارتی‌و لایەنگرانی دیكەی ڕیفراندۆم، لە ناویاندای بەشێكی یەكێتی بە سەرۆكایەتی كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، پێیانوایە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پیادەكردنی مافێكی گرنگ‌و دەستكەوتێكی مێژووییەو گروپێكی ناو یەكێتی "خیانەت"یان لە دەرئەنجامەكانی كردووە، مەبەستیان ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەو ئەو گروپە تۆمەتبار دەكەن بە دەست تێكەڵكردن لەگەڵ ئێرانییەكان.

نەیارانی پڕۆسەكە پێیانوایە ڕیفراندۆم بۆخۆی "خیانەت"بووە، بەو پێیەی دوای پڕۆسەكە نیوەی خاكی كوردستان لەدەستدراو حكومەتی ناوەندیی سزای قورسی بەسەر هەرێمدا سەپاند.

ئاڕاستەكردنی تۆمەتی قورسی "خیانەت" بۆیەكتر لەلایەن حیزبە كوردییەكانەوە شتێكی نوێ نییە، بەتایبەت لە نیو سەدەی ڕابردوودا زۆربەی ئەو ڕوداوانەی بەسەر كورددا هاتوون‌و زیانی گەورەیان هەبووە، بەردەوام لایەنێك لایەنەكەی دیكەی بە "خیانەت" تۆمەتبار كردووەو ئەو لایەنەش بەرگریی لە خۆی كردووەو هەمان تۆمەتی ئاڕاستەی بەرامبەرەكەی كردووەتەوە.

بەدەر لە پارتی‌و بەشێكی یەكێتی، حیزبە گەورەكانی دیكەی كوردستان بەڕوونی پشتیوانیی ڕیفراندۆمیان نەكردو هەڵمەتی بانگەشەیان بۆ دەنگدان بە بەڵێ ئەنجام نەدا، بەڵام بەرپرسانی ئەو حزبانە لە دوا ساتەكاندا پاڵپشتییان دەربڕی، لەناویاندا ڕێكخەری گشتی گۆڕان ڕایگەیاند، دەنگی بە بەڵێ داوە.

یەكێتی وەك زۆر پرسی دیكە بووبوو بە دوو لەتەوە، ئەو حزبە لە ڕۆژەكانی سەرەتای ڕیفراندۆمدا سووربوو لەسەرئەوەی بەبێ ناوچە دابڕاوەكان پشتیوانیی ڕیفراندۆم ناكات، بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی دەنگدان، هەڵوێستەكەی گۆڕی‌و داوای كرد ناوچە دابڕاوەكان نەگرێتەوەو تەنها لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام داواكارییەكەی ڕەتكرایەوە، دواجار یەكێتی بە فەرمی ڕایگەیاند، لەگەڵ قبوڵكردنی دەستپێشخەرییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە كە داوای دواخستنی ڕیفراندۆم دەكەن.

لەو نێوەندەدا جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید داوای دواخستن یاخود دەنگدانی بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆمەكە دەكرد.

هەرچەندە لەلایەن بەشێك لە دەسەڵاتدارانەوە لایەنگرانی نەخێر بە "خیانەتكار" دادەنران، بەڵام ئەوان دەیانوت، دەربڕینی ڕای خۆیان سەرەتاییترین مافیانە‌و بە كەسانی دڵسۆز بۆ كوردستان‌و ناڕازی لە دۆخی حوكمڕانی خۆیان دەناساند، ئێستاش دەڵێن، پێشبینی‌و زانیارییەكانی ئەوان ڕاست دەرچوون دەربارەی كاردانەوەكانی ڕیفراندۆم.

ئێران‌و توركیا؛ وەك دوو وڵاتی دراوسێ كە پەیوەندیی‌و بەرژەوەندییان لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەتووندی دژی ڕیفراندۆم وەستانەوەو چەندین هەڕەشەو فشاریان خستەسەر كورد بۆ پاشگەزبوونەوە لە پڕۆسەكە، توركیا هەڕەشەكانی نەكرد بە كردار، بەڵام ئێران بە پێچەوانەوە.

ئەوکات قاسم سلێمانی خاوەنی كۆتا قسەی ئێران بوو لەو پرسانەی کە ئەو وڵاتە دەستێوەردانی تێدا دەکرد لە عێراق، ئەو پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ كورددا ھەبوو بەتایبەت یەكێتی نیشتیمانی، مەسعود بارزانی نەچووە ژێرباری فشارو هەڕەشەكانی قاسم سلێمانی، لە كاردانەوەی ڕیفراندۆمەكەشدا قاسم سلێمانی ئەو هەڕەشانەی جێبەجێكرد كە بەرلە ڕیفراندۆم ئاڕاستەی بەرپرسانی كوردی كرد بوو.

بەدەر لەو دوو وڵاتە، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمەریكا، بەریتانیاو فەڕەنساو نەتەوەیەكگرتووەكان، بە چڕی لە هەوڵدابوون بۆ ڕازیكردنی بارزانی بە دواخستنی ڕیفراندۆم، لەو چوارچێوەیەدا "بەدیل"ی ڕیفراندۆمیان خستەڕوو، بەڵام بارزانی بە بەدیلەكە قایل نەبوو.

هەرچی دەربارەی بڕیاری عێراقە، دادگای فیدڕاڵی ڕیفراندۆمەكەی بە نادەستوریی لەقەڵەمداو بڕیاری هەڵوەشانەوەیدا، بەڵام هەرێمی كوردستان تائێستا بە ڕوونی دانی بە هەڵوەشانەوەكەدا نەناوەو حكومەتی هەرێم تەنها ئەوەندەی وتووە ڕێز لە بڕیارەكەی دادگا دەگرن ‌و سڕكردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمی ڕاگەیاندووە، هاوكات پەرلەمانی كوردستان‌و مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێم، سوورن لەسەر ئەوەی هیچ دەسەڵاتێك ناتوانێت ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە.