
پەرەگراف
لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق دەنگى دا لەسەر هەموارى بڕگەى تایبەت بە نەوتى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجەدا، بە ئامانجى بەزوویى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم. کەمێک لەمەوبەر کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراقیش دەستى پێ کرد و چاوەڕوان دەکرێت بڕگەکە بخرێتە دەنگدانەوە و پەسەند بکرێت.
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند "ئەمڕۆ یەكشەممە ١٩-٠١-٢٠٢٥، لە كۆبوونەوەی لیژنەی داراییدا دەنگمان دا بە پرۆژەیاسای هەمواری یاسای بودجە (ماددەی ١٢/ دووەم/ ج) تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت "چاوەڕوان دەكرێت لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەنگی لەسەر بدرێت و بەوەش دەست بكرێتەوە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم".
بەپێی هەموارەكە، بڕی ١٦ دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت، تا ئەو كاتەی كۆمپانیایەكی پسپۆر (كە لەماوەی ٦٠ ڕۆژدا دەستنیشان دەكرێت بە ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا)، خەمڵاندنێكی دادپەروەرانە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم دەكات.
كەمێك لەمەوبەریش كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە بەشداریی ١٦٧ ئەندام دەستی پێ كرد و چاوەڕوان دەكرێت دوای تەواوكردنی دوو خوێندنەوە لە دانیشتنەكانی ڕابردوودا، ئەمڕۆ بڕگە هەمواركراوەكە پەسەند بكات.
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی بۆ ساڵەكانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، دەبێت هەرێمی كوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەناردە بكات، یان لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەكاری بێنێت، لە بەرامبەردا حكومەتی عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی لە ئەستۆ دەگرێت و بودجەی هەرێم دەنێرێت.