پەرلەمانتارانى شیعە هەموارى بڕگەى تایبەت بە نەوتى هەرێم ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن: ١٦ دۆلار زۆرە

پەرەگراف
پێچەوانەی چاوەڕوانیی زۆرێک لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان، پەرلەمانتارانی شیعە ڕەتیان كردەوە دەنگ بە بڕگەی هەمواركراوی تایبەت بە نەوتی هەرێم لە یاسای بودجە بدەن. سۆران عومەر دەڵێت "وتیان 16 دۆلار زۆرە بۆ بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوتی هەرێم".
ئەمڕۆ یەكشەممە ١٩-٠١-٢٠٢٥، لیژنەی دارایى پەرلەمانى عێراق لە کۆبوونەوەى خۆیدا دەنگى دا بە پرۆژەیاسای هەمواری یاسای بودجە (ماددەی ١٢/ دووەم/ ج) تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم. دواتر هەموارەكە برایە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەند كردنی.
بەپێی هەموارەكە، بڕی ١٦ دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت دەدرێت بە هەرێم، تا ئەو كاتەی كۆمپانیایەكی پسپۆر (كە لەماوەی ٦٠ ڕۆژدا دەستنیشان دەكرێت بە ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا) خەمڵاندنێكی دادپەروەرانە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم دەكات.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "بۆ هەمواری یاسای بودجەی عێراق تایبەت بە نەوتی هەرێم، ڕێژەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران تێك درا، بۆیە دەنگ لەسەر هەموارەكە نەدرا".
پەرلەمانتارانی شیعە ڕەتیان كردووەتەوە دەنگ بە هەموارەكە بدەن و كێشە دروست بووە. سۆران عومەر وتی "ئەوان دەڵێن ١٦ دۆلار بۆ دەرهێنانی یەک بەرمیل نەوتی هەرێم زۆرە".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "ئەگەر ئەم هەموارە دەنگ نەهێنێت، ئەوا هەرێم بەردەوام دەبێت لە فرۆشتنی نەوت بە تەنكەر و هیچ داهاتێكیشی بۆ خەڵك نییە".
پێشتر لە یاساى بودجەدا بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى یەک بەرمیل نەوتى هەرێم ٨ دۆلار دیارى کرابوو، هاوشێوەى نەوتى عێراق، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕەتى کردەوە و داواى ٢٦ دۆلارى بۆ هەر بەرمیلێک کرد، بەوپێیەى کۆمپانیا نەوتییەکانى هەرێم لە گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتى هەرێم لەسەر ئەو پارەیە ڕێککەوتوون. حکومەتى هەرێم دەشڵێت دەرهێنانى نەوت لە هەرێم زیاترى تێدەچێت.
تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت، لەمپەرێکى سەرەکى بوو لەبەردەم هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم، تا دواجار هەردوو حکومەتى هەرێم و عێراق لەسەر ١٦ دۆلار ڕێککەوتن و ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دواى پەسەندکردنى ڕەوانەى پەرلەمانى عێراقى کرد بۆ خوێندنەوە و پەسەندکردنى، بەڵام دواى تێپەڕینى خوێندنەوەى یەکەم و دووەمى لە دانیشتنەکانى ڕابردوودا، ئەمڕۆ پەسەندکردنى ڕەت کرایەوە.
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی بۆ ساڵەكانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، دەبێت هەرێمی كوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەناردە بكات، یان لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەكاری بێنێت، لە بەرامبەردا حكومەتی عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی لە ئەستۆ دەگرێت.