
پەرەگراف
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشوازی لەو كۆبونەوەیە دەكات كە لە (16) كانوونی دووەم لە نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەڕێوەچوو.
نووسینگەی وەزارەتەکە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس دەڵێت "گفتوگۆی نێوان كورد دەكرێت رۆڵێكی گرنگ ببینێت لە پتەوكردنی قۆناغی ڕاگوزەری سیاسی گشتگیر لە سوریا".
ئێوارەی 16-01-2025، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، لە سەلاحەدین لە هەلێر پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات كرد.
مەزڵووم عەبدی، ناوەرۆكی كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی ئاشكرا كرد و ڕایگەیاند "لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی جەختمان لە یەكهەڵوێستیی كورد لە سووریا كردەوە و دەبێت دانوستان لەگەڵ دیمەشق بە شێوەیەكی ئاشتیانە مافی گەلی كورد بپارێزێت".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە كۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی بە "جێگای دڵخۆشی" وەسف كرد و لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس دەشڵێت "هەروەها جەختمان لەوە كردەوە كە گرنگیی یەكێتیی كوردی و ئارامیی ناوچەكە بەگشتی، بەرپرسیارێتیی هەموومانە و ئێمە پێكەوە هاوكار دەبین".
هاوکات بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەكە بڵاو کردەوە و وتی "لە دیدارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک و بە ڕێکاری ئاشتیانە، بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن".
بارەگای بارزانی دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێت "لایەنە کوردییەکان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش، لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن".