شەپۆلی باران و بەفربارین ئەمشەو كۆتایی دێت؛ پلەكانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزن

20-01-2025 12:29

پەرەگراف

كەشناسیی هەرێم پێشبینی دەكات كە شەپۆلێكی باران و بەفربارینەی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، تا ئەمشەو بەردەوام دەبێت و كۆتایی دێت. سبەینێ ساماڵ و سارد دەبێت.

ئەمڕۆ شەپۆلی بافربارین زۆربەی ناوچە شاخاوییەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە و لە زنجیرە چیاكانی گۆیژە و ئەزمەڕی شاری سلێمانییش بەفر بە ڕێژەیەكی بەرچاو باریوە.

كەشناسیی هەرێم دەڵێت "ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لە زۆربەی كاتەكاندا، لەگەڵ نمەباران لە زۆربەی ناوچەكان، هەروەها بەفر لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكاندا و لە ناوچە سنوورییەكانی باكوور و ڕۆژهەڵات ڕێژەكەی زیاتر دەبێ".

هەروەها لە شاری سلێمانی "پێشبینیی تێكەڵەی بەفر و باران دەكرێ بۆ ماوەیەكی كورتخایەن".

كەشناسی دەڵێت "لە كاتەكانی ئێوارە كاریگەریی ئەم شەپۆلە كەم دەبێتەوە بۆ ناوچە شاخاوییەكان، پاشان لە كاتەكانی درەنگدا كاریگەریی كۆتایی دێت و ئاسمان بەرەو ساماڵ دەگۆڕێت".

ئەمشەو لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان پلەكانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێ.

بۆ سبەی شەممە، كەشناسیی هەرێم دەڵێت "ئاسمان ساماڵ و سارد دەبێت، لەگەڵ دروستبوونی شەختە زیاتر لە ناوچە بەرزەكان، هەروەها ئەگەری دروستبوونی تەم هەیە لە كاتەكانی بەیانی زوو".

بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بۆ ڕۆژی شەممە:

هەولێر : 12 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 9 پلەی سیلیزی
دهۆك : 10 پلەی سیلیزی
كەركوك : 14 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 11 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 10 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: -3 پلەی سیلیزی
سۆران: 7 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 12 پلەی سیلیزی