ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لە دهۆک ئازاد کرا

20-01-2025 04:21

Lپەرەگراف

دوو هەفتە پاش بڕیاری ئازادکردنی و دوای مانەوەی 14 مانگ لە زیندان، ئەمڕۆ ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لە دهۆک ئازاد کرا.

دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان لە 6-1-2025دا  بڕیاری ئازادکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەدی دەرکردو سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسەی هەڵوەشاندەوە کە دادگای دهۆک بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزای دابوو.

ئەوکات رێڤینک یاسین، لە تیمی پارێزەرانی دۆسیەی رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بە پەرەگرافی وت"تاوەکو بڕیارەکە نەگاتە دادگای تاوانەکان له دهۆک ئازاد ناکرێت".

دادگای پێداچوونەوە بەڵگەی سەلمێنەرو بڕواپێهێنەری لەبەردەست نەبووەو بۆ ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەو ڕۆژنامەنووسە کراون و بەهۆیەوە لە دهۆک حوکمی بەسەردا سەپێندراوە.

رۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد لە ٢٩-٧-٢٠٢٤ لە دادگای دهۆک دادگایی کراو بەپێی ماددەی 1 لەیاسای ژمارەی 21ی ساڵی2003ی پەرلەمانی کوردستان بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن" بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزا درا، هەر ئەوکات پارێزەرەکانی بڕیارەکەیان ڕەتکردەوەو تەمیزیان کردەوە.

سلێمان ئەحمەد كە وەكو هەواڵساز لە بەشی عەرەبی لە دەزگای ڕۆژنیوز كاری دەکرد، لە 25ـی تشرینی یەكەمی 2023ـدا لە كاتی گەڕانەوەی لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە بۆ هەرێمی كوردستان، لە دەروازەی فیشخابوور (سێمێلكا) لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیر كراو ئاسایشی دهۆک تۆمەتی "سیخوڕیی بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)"ی خستەپاڵ.