وەزارەتی دارایی ڕاگەیەندراوێكی دەربارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیی شاندی هەرێم و وەزیری دارایی عێراق بڵاو كردەوە

پەرەگراف
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕاگەیەندراوێكی دەربارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیی شاندی هەرێم و وەزیری دارایی عێراق بڵاو كردەوە و دەڵێت "شاندی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ جەخت لە چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەران دەكەنەوە".
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا "بڕیار دراوە تیمێكی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی پێك بهێنرێت و لە سبەی سێشەممەوە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەستبەكار بن، ئامادەكاریی پێویست بكەن بۆ كۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرك و پابەندییەكانی هەردوولا بۆ ساڵی ٢٠٢٥".
هەروەها دەڵێت "هەردوولا هاوڕابوون كە هەموو هەوڵەكان بخرێنە گەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا".
ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوولا ئەنجام دەدرێتەوە و "ڕێككەوتوون كە تیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بكرێت".
هەر ئەمڕۆ شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكێتی، كۆمەڵ، یەكگرتوو و بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە.
وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا دەرئەنجامی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم بۆ ئامادەبووان خرایە ڕوو، هەردوولا جەختیان لە پێویستی هاوكاری و هەماهەنگی بۆ ئەم قۆناغە كردەوە تا بەهاوبەشی داكۆكی لەماف و شایستەكانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بكرێت".
دەقی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم:
شاندی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ جەخت لەچارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەران دەكەنەوە.
ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ٢٠ كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥، بەسەرپەرشتی بەڕێز دكتۆر فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی ئابووری كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دكتۆر ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دكتۆر ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دكتۆر عەبدول حەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەگەڵ شاندی حكومەتی فیدراڵ كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ئامادەبوون، لە كەشێكی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ كراو و هەردوولا هاوڕابوون كە هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا، هاوكات داواكاریەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی كەساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە كرا .
هەردوولا ڕێككەوتن كۆبوونەوەكان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت كەتیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بكرێت. هەر لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا تیمێكی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم پێكبهێنرێت و لەسبەی سێشەممەوە تیمەكە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەستبەكار بن و ئامادەكاری پێویست بكەن بۆ كۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرك و پابەندییەكانی هەردوولا بۆ ساڵی ٢٠٢٥.
هاوكات هەر ئەمڕۆ شاندی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی و بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا دەرئەنجامی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، هەردوولا جەختیان لە پێویستی هاوكاری و هەماهەنگی بۆ ئەم قۆناغە كردەوە تا بەهاوبەشی داكۆكی لەماف و شایستەكانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەپەرلەمانی عێراق بكرێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری
٢٠ـی كانوونی دووەمی ٢٠٢٥