بەغدا داوای تەواوكردنی تەوتین دەكات و هەرێم ئاسانكاری بۆ هەژماری من دەكات

21-01-2025 12:40

پەرەگراف

یەكێك لە داواكارییەكانی بەغدا بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی هەرێم، تەواوكردنی ‏پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچە (تەوتین)ـە. وەزارەتی دارایی هەرێمیش لە هەوڵەكانی بۆ ‏تۆماركردنی فەرمانبەرانی سلێمانی لە هەژماری من بەردەوامە و ڕێگەیەكی "ئاسانتر" ‏دەخاتە بەردەمیان كە فۆڕمی ئۆنلاینە.‏

ئەمڕۆیش شاندێكی وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتە هەرێم و لەگەڵ وەزارەتی دارایی ‏هەرێم دەربارەی پابەندییەكانی هەردوولا گفتوگۆ و بەدواداچوون دەكەن. دەبێت لە ‏چوارچێوەی یاسای بودجە و بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، هەردوولا پابەندییەكانیان ‏جێبەجێ‌ بكەن، كە تەوتین خاڵێكی سەرەكییە.‏

وەزارەتی دارایی هەرێم لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كرمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوی كردەوە ‏‏"هەژماری من ڕێگەیەكی نوێی تۆماركردن دەخاتە بەردەم فەرمانبەرانی پارێزگای ‏سلێمانی، بە مەبەستی تۆماركردنی سەرتاسەری لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من".‏

وەزارەتی دارایی لینكی فۆڕمێكی ئۆنلاینی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت "لەمەودوا ‏فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی دەتوانن لە ڕێگای پڕكردنەوەی فۆڕمێكی ئۆنڵاین خۆیان ‏تۆمار بكەن و ببنە خاوەنی هەژماری بانكی".‏

‏"ئەم بژاردە نوێیە بەشێكە لە هەوڵەكانی هەژماری من بۆ ئاسانكاری لە تۆماركردنی ‏فەرمانبەران، تاوەكو بتوانن بەشێوەیەكی ئاسان و بەبێ سەردانیكیردنی بنكەكانی تۆمار، ‏خۆیان تۆمار بكەن"، وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.‏

ئەم ئاسانكارییە نوێیەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ خۆتۆماركردنی فەرمانبەرانی سلێمانی ‏لە هەژماری من، پاش ئەوە دێت كە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ چارەسەری كێشەی مووچە، ‏داوای تەواوكردنی بەبانكیكردنی پرۆسەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەبات.‏

ڕۆژی 14-01-2025، ژمارەیەك ئەندامی كوردی پەرلەمانی عێراق سەردانی وەزارەتی ‏دارایی عێراقیان كرد بۆ بەدواداچوون بۆ كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.‏

سۆران عومەر كە بەشداریی كۆبوونەوەكەی كردبوو، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند دەربارەی ‏مووچەی مانگی یەكی 2025، وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاندووە كە "بە مەرج" ‏دەینێرن و وتی "بۆ مووچەی مانگی كانوونی دووەم، سەرۆكوەزیرانی عێراق نووسراوی ‏كردووە كە مووچە بەبانكی (تەوتین) بكرێت. عێراق كۆمەڵێك مەرجی داناوە بۆ مووچەی ‏مانگی یەك، كە گرنگترینیان تەوتینە".‏