بارزانی و سەرۆکایەتی ئەنەکەسە کۆبوونەوە؛ 'جەخت لە یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکانی سووریا کرا'

پەرەگراف
مەسعود بارزانی و سەرۆکایەتی ئەنەکەسە کۆبوونەوە، بارەگای بارزانی دەڵێت: بارزانی جەختی لە یەکڕیزی و هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا کردەوە.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و لەیەکنزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکانی سووریا و سەردانی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ لای بارزانی تاوتوێ کراوە.
ئێوارەی 16-01-2025، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، لە سەلاحەدین لە هەلێر پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات كرد.
مەزڵووم عەبدی، ناوەرۆكی كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی ئاشكرا كرد و ڕایگەیاند "لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی جەختمان لە یەكهەڵوێستیی كورد لە سووریا كردەوە و دەبێت دانوستان لەگەڵ دیمەشق بە شێوەیەكی ئاشتیانە مافی گەلی كورد بپارێزێت".
فەرماندەی گشتیی هەسەدە كۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی بە "جێگای دڵخۆشی" وەسف كرد و لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس دەشڵێت "هەروەها جەختمان لەوە كردەوە كە گرنگیی یەكێتیی كوردی و ئارامیی ناوچەكە بەگشتی، بەرپرسیارێتیی هەموومانە و ئێمە پێكەوە هاوكار دەبین".
هاوکات بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەكە بڵاو کردەوە و وتی "لە دیدارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک و بە ڕێکاری ئاشتیانە، بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن".
بارەگای بارزانی دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێت "لایەنە کوردییەکان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش، لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن".