سۆران عومەر: سوودانی جگە لە نەوت، داوای ڕادەستكردنی غاز و پێكهاتەكانی نەوتیش لە هەرێم دەكات

پەرەگراف
جارێكی دیكە پەسەندكردنی هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە بڕگەی نەوتی هەرێم لە پەرلەمانی عێراق دواخرا. پەرلەمانتارێك دەڵێت "بڕگەیەكی تازە هێنراوە و سوودانی جگە لە نەوت، داوای ڕادەستكردنی غاز و پێكهاتەكانی نەوتیش لە هەرێم دەكات".
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "سەبارەت بە بڕگەی هەمواركراوی نەوتی هەرێم لە یاسای بودجەدا، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پێشنیازێكی نوێ لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕەوانەی پەرلەمان كرابوو، بەو هۆیەوە كێشە دروست بوو و هەموارەكە پەسەند نەكرا".
سەبارەت بە ناوەرۆكی پێشنیازەكەی سوودانی، سۆران عومەر وتی "لەم پێشنیازە تازەدا، سوودانی جگە لە نەوت، داوای ڕادەستكردنی غاز و پێكهاتەكانی نەوتی هەرێمیش دەكات".
ئەم پێشنیازە تازەی سوودانی لە كاتێكدایە كە پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازێكی دیكەی ئاراستەی پەرلەمانی كرد و لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند كرا، بەڵام دواتر لە دانیشتنی پەرلەمان ڕەت كرایەوە.
ڕۆژی یەكشەممە ١٩-٠١-٢٠٢٥، لیژنەی دارایى پەرلەمانى عێراق لە کۆبوونەوەى خۆیدا هەمواری بڕگەی (ج) لە (ماددەی ١٢/ دووەم)ـی تایبەت بە نەوتی هەرێمی پەسەند كرد. هەمان ڕۆژ هەموارەكە برایە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندكردنی، بەڵام لەلایەن زۆرێك لە پەرلەمانتارانی عەرەب ڕەت كرایەوە.
بەپێی هەموارەكە كە پێشنیازی حكومەتی عێراق بوو لەسەر بنەمای ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم، بڕی ١٦ دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت دەدرێت بە هەرێم، تا ئەو كاتەی كۆمپانیایەكی پسپۆر (كە لەماوەی ٦٠ ڕۆژدا دەستنیشان دەكرێت بە ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا) خەمڵاندنێكی دادپەروەرانە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم دەكات.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەوان دەڵێن ١٦ دۆلار بۆ دەرهێنانی یەک بەرمیل نەوتی هەرێم زۆرە".