سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە

22-01-2025 12:57

پەرەگراف

پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران نەیتوانی کۆببێتەوە، محەممەد سلێمان پەرلەمانتاری نەوەی نوێ و سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان دەستی لەو پۆستە کێشایەوە.

محەممەد سلێمان بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانەو سەرۆکایەتی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی پێسپێردرا، دوای دەستلەکار کێشانەوەی، ئازاد محەمەد ئەمین پەرلەمانتاری یەکێتی شوێنی دەگرێتەوەو دەبێتە سەرۆکی کاتیی پەرلەمان.

زۆرینەی پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی ئامادەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان نەبوون و تەنها 26 پەرلەمانتار ئامادەبوون لەکۆی 100 پەرلەمانتار.

بەهۆی ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی وەک براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردن، هێشتا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوەو یەکەم کۆبوونەوە کە لە 2-12-2024 کرا نەکراوەیی ماوەتەوە.

محەمەد سلێمان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، بەهۆی ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران ناتوانین دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرین، "من ئامادەنیم لە پۆستێکدابم کە خزمەتم پێ نەکرێت، لەبەرئەوە دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی کاتیی پەرلەمان دەبم".