دەقی نوێترین نامەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ مانگرتووان

26-05-2019 11:51


پەرەگراف

عەبدوڵا ئۆجەلان لە نوێترین نامەیدا كە ئەمڕۆ پارێزەرەكانی بڵاویان كردەوە داوای شكاندنی مانگرتن لەو كەسانە دەكات كە بە مەبەستی هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان مانگرتن لە خواردن تا مردنیان ڕاگەیاندبوو.

پارێزەرەكانی ئۆجەلان كە لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەردانی مانگرتووانیان كردووەو پەیامی ئۆجەلانیان پێڕاگەیاندوون، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا نامەكەیان ئاشكرا كرد.

نامەكە دوای هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان دێت كە توركیا بە فەرمیی ڕایگەیاند. ئەوەش پاش ئەوەهات 2ی ئەم مانگە توركیا ڕێگەیدا پارێزەرەكانی سەردانی ئۆجەلان بكەن لە زیندان، ئەوە یەكەم سەردانی پارێزەرانی بوو بۆ زیندانی ئیمراڵی لە 27ی تەمووزی 2011ـەوە كە بە بیانووی لاوەكیی ڕێگە بە دیداری ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرانی نەدەدراو لەو ماوەیەدا زیاتر لە 800 جار داواكاریی پارێزەران بۆ سەردانی ئیمڕاڵی ڕەتكراوەتەوە.

دوای ئەو دیدارەش پارێزەرەكانی پەیامێكی ئۆجەلانیان بڵاوكردەوە كە تەئكید لە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی كورد دەكات لە باكورو ڕۆژئاوای كوردستان.

پەیامەكانی ئۆجەلان دوای ئەوەهاتن نزیكەی سێ هەزار زیندانیی لە توركیا كە لە نێویاندا ئەندام پەرلەمانیش هەیە، لە نۆڤەمبەری 2018وە مانگرتنیان ڕاگەیاندووە وەك ناڕەزاییەك دژی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان. چەند مانگرتوویەكیش چالاكی گیانفیداییان ئەنجامداو لەم مانگەشدا زۆربەی مانگرتووان لە لێواری مەرگدا بوون.

هەڵگرتنی قەدەغەی دیداری ئۆجەلان دوای ئەوەدێت دەزگای هەواڵگریی توركیا لە ئاستی باڵادا سەردانی ناوبراویان كردووە لە زیندان‌و لەبارەی دۆخی سوریاو پڕۆسەی ئاشتیی لە توركیا گفتوگۆیان كردووە.

دەقی نامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان

"هەڤاڵانی هێژا؛

لە پێش هەموانەوە ئەو هەڤاڵانەی بەشداریی مانگرتن لە خواردن و رۆژووی مردن بوون، لە چوارچێوەی ئەو لێدوان و روونكردنەوە بەرفراوانەی، كە ٢ پارێزەری من پێتانی رادەگەیەنن، چاوەڕێ دەكەم كۆتایی بە چالاكییەكەتان بهێنن.

بە روونی و بە سادەیی ئەوە رادەگەیەنم، كە مەبەستی ئێوە بۆ من روونە و خۆشەویستی و سوپاسی خۆمتان پێشكەش دەكەم.

بە تایبەتی رایدەگەیەنم و ئومێدی ئەوە دەكەم ئێوە لە ئێستا بە دواوە بە بەهێزی و بە ئیرادەیەكی پێویستەوە لەگەڵم بن و رێ بكەن.

بە پێشكەشكردنی خۆشەویستی و سڵاوی بێكۆتایی.

٢٢ی ئایاری ٢٠١٩ / ١ی جۆزەردان

زیندانی ئیمرالی

عەبدوڵا ئۆجالان".