بانگەواز بۆ بەشداریكردن لە خولێكی ڕاهێنانی ڕۆژنامەنووسان بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا

28-09-2020 11:12
لۆگۆی پەرەگراف‌و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا.

پەرەگراف

ماڵپەڕی پەرەگراف بە پاڵپشتی دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە ڕێی كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر، خولێكی ڕاهێنانی چڕی ڕۆژنامەوانیی بۆ ماوەی سێ مانگ دەكاتەوە.

خولەكە بە ۆركشۆپێكی شەش ڕۆژە لە 11بۆ16-10-2020 لە شاری سلێمانی دەستپێدەكات، ڕۆژانە کاتژمێر ٩ی بەیانی بۆ ٣ی دوانیوەڕۆ دەخایەنێت. لە خولەکەدا سێ ڕاهێنەری بە ئەزموون وانە دەڵێنەوە لەبارەی؛ یاساو ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی، داڕشتنی بابەتی ڕۆژنامەوانی، ئامادەكردنی ڕاپۆرت‌و بەدواداچوونی وردو بنكۆڵكاری.

لە دوای خولەكە هەر رۆژنامەنوسێك كە بەشدار دەبێ لە خولەكەدا پێویستە كە ڕاپۆرتێكی بنكۆڵكاری بە هاوكاری سەرپەرشتیارانی خولەكە ئامادە بكات‌و لە ماڵپەڕی پەرەگراف بڵاوبكاتەوە. لە كۆتایی شەش ڕۆژی ۆركشۆپەكە، بۆ ماوەی دوو مانگ ڕۆژنامەنووسەكان سەرپەرشتی دەكرێن و لە ڕێگەی چاودێری شارەزا و پێدانی تێبینی هەفتانە، ڕێنمایی دەكرێن لە كاری ڕۆژانەیاندا.

ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دەیانەوێت بەشداربن لە خولەكەدا مەرجە ئەزموونی پێنج ساڵ كاركردنیان هەبێت و ئێستا لە كاردابن لە دەزگایەكی ڕاگەیاندن، خوازیاران دەتوانن سیڤی بۆ ئەم ئیمەیڵە بنێرن info@peregraf.com

دواكات بۆ ناردنی سیڤی ڕۆژی 4-10-2020 ئەگەر تا ڕێكەوتی 6-10 وەڵام نەدرانەوە، ئەوە بەمانای ئەوەدێت دەرفەتی بەشداریكردنیان نەبووە.

تێبینی: ئەوانەی لە ناو سلێمانی بەشداردەبن نانی نیوەڕۆو هاتووچۆیان بۆ دابین دەكرێت، بۆ ئەوانەشی لە دەرەوەی سلێمانییەوە دێن؛ خواردنی سێ ژەم، تێچوی هاتن بۆ سلێمانی و چوونەوە بۆ شارەكانیان و شوێنی مانەوەیان لە ئوتێلی پێنج ئەستێرە بۆ دابین دەكرێت.