پۆمپیۆ پلانی داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەغداد بە كازمی گەیاند

28-09-2020 05:58
مستەفا كازمی - مایك پۆمپیۆ

پەرەگراف

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پلانی داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەغداد بە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕاگەیاندووە.

بەپێی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی شەوی شەممە، 26ی ئەم مانگە پۆمپیۆ، ئەو پلانەی بە مستەفا كازمی ڕاگەیاندووە. ئەوەش لە كاردانەوەی هێرش‌و هەڕەشەو مەترسییەكانی سەر باڵیۆزخانەكەو دیبلۆماتكارە ئەمریكییەكان كە "لەلایەن میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران" ئەنجام دەدرێن.

هێشتا دیارنییە ئیدارەی كۆشكی سپی ئەمریكا واژۆی لەسەر بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەكە كردبێت، پێدەچێت جێبەجێ كردنی بڕیارێكی لەو جۆرە ماوەی 90 ڕۆژ بخایەنێت.

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی حكومەتی عێراق دوێنێ ڕایگەیاند، ئەوان هیوادارن ئەمریكا چاو بەو بڕیارەیدا بخشێنێتەوە لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەكەی، مەلا تەڵاڵ ئەوەشی خستەڕوو، گروپی لە یاسا دەرچوو هەن، هەوڵی تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو عێراق دەدەن‌و داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا پەیامێكی نەرێنی دەداتە ئەو گروپانە.

لەبارەی پەیامەكەی پۆمپیۆ بۆ كازمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕەتیكردووەتەوە لێدوان لەسەر "گفتوگۆ دییلۆماسییە تایبەتەكانی پۆمپیۆ لەگەڵ سەركردە بیانییەكان" بدات، بەڵام نیگەرانیی پیشانداوە لە هێرشی مووشەكی بۆسەر باڵیۆزخانەكەیان لەلایەن "ئەو گروپانەی ئێران پشتگیرییان دەكات".

ئەو پەیامەی ئەمریكا لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد، لە میدیاو شەقامی عێراقی بە گەرموگوڕییەوە باس دەكرێت، تەنانەت شەوی ڕابردوو دەنگی ئەوە بڵاوبووەوە كە باڵیۆزی ئەمریكا بەغدادی بەجێهێشتووە، بەڵام ئەمڕۆ لە بەغداد كۆبوونەوەی هەبووە لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق.

چاودێرانی دۆخی عێراق خوێندنەوەی جیاوازیان هەیە بۆ هەڵوێستەكەی ئەمریكاو لێكەوتەكانی داخستنی باڵیۆزخانەكەی ئەگەر ئیدارەی ترەمپ ئەو بڕیارە جێبەجێ بكات، هەندێك پێیانوایە ئەمریكا دەیەوێت پاساوێكی دەستبكەوێت تا هێرشی تووندی مووشەكیی بكاتەسەر پێگەی میلیشیا شیعەكان، هەندێكی دیكەش باسلەوە دەكەن مەترسیی ڕاستەقینە هەیە ئەو گروپانە پەلاماری باڵیۆزخانەكەو دیبلۆماتكاران بدەن تا ئاستی دەستبەسەردا گرتنی باڵیۆزخانەكەو بە بارمتەگرتنی دیبلۆماتكاران.

ئەوانەی پێیانوایە هەڕەشەكانی سەر ئەمریكا لە عێراق جددین‌و ئەگەری ڕوودانی پێكدادانی تووند هەیە، ئەنجامدانی ئەوكارە لەلایەن میلیشیا شیعەكان دەبەستنەوە بە هاندان‌و پشتیوانیی ئێران، ئەوەش لە كاردانەوەی كوشتنی قاسم سلێمانی‌و سزا نوێیەكانی سەر ئێران كە ئەمریكا سەپاندوونییەوە بەسەریدا، تا لەو ڕێگایەوە ئێران لە عێراقەوە تۆڵە لە ئەمریكا بكاتەوەو كاریگەرییش دروست بكات لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا كە سەرەتای مانگی 11ی ئەمساڵ ئەنجامدەدرێت.

هێرشی مووشەكی بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد‌و دانانی بۆمبی بچوك‌و تەقینەوەی بە كاروانی هێزە بیانییەكان لە عێراق، ئەو مەترسییە بەردەوامانەن كە ماوەماوە ڕوودەدەن‌و بەردەوام ئەمریكا هۆشداریی بە عێراق داوە لە بارەیانەوەو پەنجەی تۆمەتی بۆ میلیشیا شیعەكان ڕاكێشاوەو پێیوایە بە هاندانی ئێران ئەوكارانە دەكرێن.

كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران‌و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریكاوە لە سەرەتای ئەمساڵ لە بەغداد، گرژییەكانی نێوان ئێران‌و ئەمریكای گەیاندە ئاستێكی زۆر بەرز، تائێستاش ئێران‌و گروپە چەكدارە شیعەكانی عێراق باسلە تۆڵەكردنەوەی ئەو ڕووداوە دەكەن.

ئەو ڕووداوە كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، لەسەر ئاستی عێراق، وێڕای هەڕەشەی گروپ و لێپرسراوانی سیاسی، لە پەرلەمانەوە و وەك تۆڵەسەندەوە، بڕیارێك بۆ حكومەت دەرچوو تا هەوڵی دەركردنی هێزە بیانییەكان بدات، كە بەپێی ڕێككەوتنێك لەگەڵ بەغدا جێگیربون.

بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، بە پێچەوانەوەی گەرموگوڕیی بەغداوە، لە هەرێمی كوردستان كاریگەر دەرنەكەوت و هەڵوێستی هەرێم بەو ئاڕاستەیەیە، هەولێر دەستبەرداری هێزەكانی ئەمریكا نابێت. ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارەكەی تێدا درا بەبێ فراكسیۆنە كوردییەكان و سوننە بەڕێوەچوو، زۆرینەی شیعە بڕیارەكەیاندا.