هەرێمی كوردستان پشتیوانیی بۆ مستەفا كازمی ڕاگەیاند لە ڕوبەڕوبوونەوەی هەڕەشەكان

29-09-2020 01:59
پێشوازیی مەسرور بارزانی لە مستەفا كازمی لە دواین سەردانی بۆ هەولێر 10-9-2020

پەرەگراف

سەرۆكی هەرێم‌و حكومەت پشتیوانییان بۆ مستەفا كازمی ڕاگەیاند بۆ سەقامگیركردنی دۆخی عێراق‌و ڕوبەڕوبوونەوەی هەڕەشەكان، ئەوە لەكاتێكدایە هێرش‌و هەڕەشەی میلیشیا شیعەكان بۆسەر دیبلۆماتكارانی بیانیی لە بەغداد، ئەگەری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكای هێناوەتە ئاراوەو ئەمریكا پلانی داخستنی باڵیۆزخانەكەی بە كازمی گەیاندووە.

هەڵوێستەكەی نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی بۆ پشتوانی كازمی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا بووە لەگەڵ لۆرێنزۆ گوێرینی وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا كە بە سەردانێك لە هەرێمی كوردستانە.

لۆرێنزۆ گوێرینی سەرەتا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆبووەوەو بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتی هەرێم، لە كۆبوونەیەكدا دۆخی ئەمنیی عێراق و هەڕەشەی گرووپە چەكدارەكان لە نێردە دیپلۆماسییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و هەڕەشە و جموجووڵەكانی داعش تاوتوێ كراون.

نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستووەتەڕوو، هەرێمی كوردستان بە نیگەرانییەوە لە پێشهاتە ئەمنییەكانی عێراق‌و هەڕەشەی گرووپە چەكدارەكان لە نێردە دیپلۆماتییەكان دەڕوانێت، دەشڵێت "ئەركی نێردە دیپلۆماتییەكان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق گرنگ و پێویستە و بۆ هاوكاری و پشتگیرییە لە عێراق و دەبێت سەلامەتی و ئاسایشیان بپارێزرێت، هەرێمی كوردستانیش هەموو پشتگیرییەك لە هەنگاو و ڕێكارەكانی سەرۆك وەزیران بەڕێز مستەفا كازمی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هەڕەشەكان دەكات".

وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا دواتر لەگەڵ مەسرور بارزانی كۆبووەتەوەو بەهەمانشێوە دۆخی ئەمنیی‌و هەڕەشەی سەر دیبلۆماتكارانی بیانیی لە عێراق بەشێك بووە لە گفتوگۆكانیان.

مەسرور بارزانی بوونی هێزەكانی ئیتاڵیاو هاوپەیمانان لە هەرێم‌و عێراق بە پێویست و گرنگ دەزانێت، تەئكیدی لەوە كردووەتەوە هەرێم بەردەوام دەبێت لە پشتگیریكردنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، "لە پێناو سەقامگیركردنی دۆخی عێراق و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور".

لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەت، وەزیری وەزیری بەرگری ئیتاڵیا ئەوەی خستووەتەڕوو، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان و عێراق، هیوای خواستووە لە ئایندەیەكی نزیكدا درێژە بە ڕاهێنانەكانی پێشمەرگە بدەنەوە كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بە شێوەیەكی كاتیی وەستاون.

پشتیوانییەكان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوكاتە لەگەڵ ئەو فشارە هەمەلایەنانەی لەسەر كابینەكەی مستەفا كازمی هەن، زیاتر بەهۆی هەڕەشەو مەترسی میلیشیا شیعەكان‌و ئەو كردەوە چەكدارییانەی ئەنجامی دەدەن، بەتایبەت دژی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد.

بەپێی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی شەوی شەممە 26ی ئەم مانگە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، پلانی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدادی بە مستەفا كازمی ڕاگەیاندووە. ئەوەش لە كاردانەوەی هێرش‌و هەڕەشەو مەترسییەكانی سەر باڵیۆزخانەكەو دیبلۆماتكارە ئەمریكییەكان كە "لەلایەن میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران" ئەنجام دەدرێن.

هێشتا دیارنییە ئیدارەی كۆشكی سپی ئەمریكا واژۆی لەسەر بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەكە كردبێت، پێدەچێت جێبەجێ كردنی بڕیارێكی لەو جۆرە ماوەی 90 ڕۆژ بخایەنێت.

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕۆژی یەكشەممە ڕایگەیاند، ئەوان هیوادارن ئەمریكا چاو بەو بڕیارەیدا بخشێنێتەوە لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەكەی، مەلا تەڵاڵ ئەوەشی خستەڕوو، گروپی لە یاسا دەرچوو هەن، هەوڵی تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو عێراق دەدەن‌و داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا پەیامێكی نەرێنی دەداتە ئەو گروپانە.

لەبارەی پەیامەكەی پۆمپیۆ بۆ كازمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕەتیكردووەتەوە لێدوان لەسەر "گفتوگۆ دییلۆماسییە تایبەتەكانی پۆمپیۆ لەگەڵ سەركردە بیانییەكان" بدات، بەڵام نیگەرانیی پیشانداوە لە هێرشی مووشەكی بۆسەر باڵیۆزخانەكەیان لەلایەن "ئەو گروپانەی ئێران پشتگیرییان دەكات".

ئەو پەیامەی ئەمریكا لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد، لە میدیاو شەقامی عێراقی بە گەرموگوڕییەوە باس دەكرێت، تەنانەت شەوی ڕابردوو دەنگی ئەوە بڵاوبووەوە كە باڵیۆزی ئەمریكا بەغدادی بەجێهێشتووە، بەڵام ئەمڕۆ لە بەغداد كۆبوونەوەی هەبووە لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق.

چاودێرانی دۆخی عێراق خوێندنەوەی جیاوازیان هەیە بۆ هەڵوێستەكەی ئەمریكاو لێكەوتەكانی داخستنی باڵیۆزخانەكەی ئەگەر ئیدارەی ترەمپ ئەو بڕیارە جێبەجێ بكات، هەندێك پێیانوایە ئەمریكا دەیەوێت پاساوێكی دەستبكەوێت تا هێرشی تووندی مووشەكیی بكاتەسەر پێگەی میلیشیا شیعەكان، هەندێكی دیكەش باسلەوە دەكەن مەترسیی ڕاستەقینە هەیە ئەو گروپانە پەلاماری باڵیۆزخانەكەو دیبلۆماتكاران بدەن تا ئاستی دەستبەسەردا گرتنی باڵیۆزخانەكەو بە بارمتەگرتنی دیبلۆماتكاران.

ئەوانەی پێیانوایە هەڕەشەكانی سەر ئەمریكا لە عێراق جددین‌و ئەگەری ڕوودانی پێكدادانی تووند هەیە، ئەنجامدانی ئەوكارە لەلایەن میلیشیا شیعەكان دەبەستنەوە بە هاندان‌و پشتیوانیی ئێران، ئەوەش لە كاردانەوەی كوشتنی قاسم سلێمانی‌و سزا نوێیەكانی سەر ئێران كە ئەمریكا سەپاندوونییەوە بەسەریدا، تا لەو ڕێگایەوە ئێران لە عێراقەوە تۆڵە لە ئەمریكا بكاتەوەو كاریگەرییش دروست بكات لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا كە سەرەتای مانگی 11ی ئەمساڵ ئەنجامدەدرێت.

هێرشی مووشەكی بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد‌و دانانی بۆمبی بچوك‌و تەقینەوەی بە كاروانی هێزە بیانییەكان لە عێراق، ئەو مەترسییە بەردەوامانەن كە ماوەماوە ڕوودەدەن‌و بەردەوام ئەمریكا هۆشداریی بە عێراق داوە لە بارەیانەوەو پەنجەی تۆمەتی بۆ میلیشیا شیعەكان ڕاكێشاوەو پێیوایە بە هاندانی ئێران ئەوكارانە دەكرێن.

كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران‌و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریكاوە لە سەرەتای ئەمساڵ لە بەغداد، گرژییەكانی نێوان ئێران‌و ئەمریكای گەیاندە ئاستێكی زۆر بەرز، تائێستاش ئێران‌و گروپە چەكدارە شیعەكانی عێراق باسلە تۆڵەكردنەوەی ئەو ڕووداوە دەكەن.

ئەو ڕووداوە كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، لەسەر ئاستی عێراق، وێڕای هەڕەشەی گروپ و لێپرسراوانی سیاسی، لە پەرلەمانەوە و وەك تۆڵەسەندەوە، بڕیارێك بۆ حكومەت دەرچوو تا هەوڵی دەركردنی هێزە بیانییەكان بدات، كە بەپێی ڕێككەوتنێك لەگەڵ بەغدا جێگیربون.

بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، بە پێچەوانەوەی گەرموگوڕیی بەغداوە، لە هەرێمی كوردستان كاریگەر دەرنەكەوت و هەڵوێستی هەرێم بەو ئاڕاستەیەیە، هەولێر دەستبەرداری هێزەكانی ئەمریكا نابێت. ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارەكەی تێدا درا بەبێ فراكسیۆنە كوردییەكان و سوننە بەڕێوەچوو، زۆرینەی شیعە بڕیارەكەیاندا.