ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێم دەربارەی دابەشكردنی مووچە

30-09-2020 03:34
سەرۆكوەزیران‌و جێگرەكەی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا. وێنە؛ ئەژی عومەر

پەرەگراف

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پرسی دابەشكردنی مووچەی تاوتوێ كردو كەمكردنەوەی لێبڕینی مووچەی لە سەدا 21 بۆ سەدا 18 پەسەند كرد.

هاوكات حكومەتی هەرێم داوا لە حكومەتی عێراق دەكات، هەرچی زووە بەشە بودجەی هەرێم خەرج بكات تا لە نزیكترین دەرفەتدا، لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێم، مووچە دابەش بكرێت.

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی حكومەت

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/9/30 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن كۆبووەوەوە .

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا كە بەداخەوە تا ئێستاش ژمارەی تووشبووان و گیان لە دەستدان بە هۆی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان لە زیادبوونە ، بۆیە داوا لە هەموو دامودەزگا و فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە پابەند بن بە گشت ڕێكارەكانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەكان. لە هەمانكاتدا داوا لە هاووڵاتییانیش دەكەم خۆیان بپارێزن.

پاشان جێگری سەرۆكی ئەنجومەن، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە وتەیەكی دەربارەی كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو سەلاح كوێخا سەرپەرشتیاریی پێشووی ئیدارەی گەرمیان پێشكەش كرد و باسی لە‌ جوامێری و دڵسۆزی سە‌ڵاح كوێخا كرد و گوتی كاك سە‌ڵاح وە‌ك چۆن لە‌شاخ پێشمە‌رگە‌یە‌كی ئازا و خە‌باتگێڕێكی دڵسۆز بووە‌، ئاوھاش لە‌ سە‌ردە‌می سە‌رپە‌رشتی كردنی ئیدارە‌ی گە‌رمیان، دڵسۆز و لە‌خە‌می خزمە‌تكردنی گە‌رمیانی پایتە‌ختی ئە‌نفال و گە‌رمیانییە‌كان بووە‌، جومێرانە‌ و مە‌ردانە‌ كاری كردووە‌ و ھاوسە‌نگی حوكمڕانی پاراستبوو، بە‌ناوی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیرانە‌وە‌ پرسە‌ وسە‌رخۆشی ئاراستە‌ی كە‌سوكار و گە‌رمیانییە‌كان دە‌كە‌ین.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەرەخۆشی لە خەڵك و بنەماڵەی میریی كوێت دەكات بۆ كۆچی دوایی میری كوێت شێخ ( صباح الاحمد الجابر الصباح)، كە پەیوەندییەكی دۆستانەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبوو.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پاراستنی سەقامگیریی دۆخی عێراق و هەروەها گرنگیی پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانە و نووسینگە و نێردە دیپلۆماسییەكان لە بەغدا كردەوە ، چونكە تێكچوونی دۆخی عێراق لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانی عێراق بە گشتی نییە.

پاشان هەر یەك لە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان ، ڕاپۆرتێكیان دەربارەی دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدرالی سەبارەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد، كە لە لایەن لیژنەی دانوستانەوە ئامادەكرابوو، ئەنجومەنی وەزیران نەخشەڕێگا و پلان و ڕاسپاردە پێشنیاركراوەكانی پەسەندكرد و لیژنەكەشی ڕاسپارد بۆ دەستپێكردنی جێبەجێكردنی و بەردەوامیدان بە ھەوڵەكانی پێشوو لەم دۆسیەدا و سەردانكردنی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەكان لە بەغدا لە نزیكترین دەرفەتدا و كاركردنی جدی بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 ی دەستوور، بەو پێیەی بابەتی خاك وئەو ناوچە ناكۆكی لەسەرانە كاری لە پێشینەی ئەم كابینەیە و جێی بایەخ و گرنگیی ھەرێمی كوردستانە و بابەتە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەرێم وبەغدا، تەنیا بریتی نین لە بواری بوودجە و وزە.

لە كۆتاییدا د.ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێكدا بە ژمارە و داتای پێویست، ڕوونكردنەوەی یاسایی و دارایی دەربارەی مووچە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان خستەڕوو . تیایدا جەختكرایەوە لەوەی مووچە و شایستەی دارایی، بە یاسا چەسپێندراوی مووچەخۆرانە و ئەنجومەنی وەزیران، بابەتی دابینكردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران لە ئەولەویەتی كاری ئەم كابینەیە داناوە، ئەنجومەن داوا لە حكومەتی فیدڕاڵی دەكات ھەرچی زووە بەشە بودجەی ھەرێم خەرج بكات تا لە نزیكترین دەرفەتدا ، لەگەڵ داھاتی ناوخۆی ھەرێم، مووچە دابەش بكرێت. لە ھەمانكاتدا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووریشی پەسەندكرد بۆ زیادكردنی تەمویلی مووچەی داھاتوو بۆ 82٪‏ لە بری 79٪‏ و كەمكردنەوەی ڕێژەی ڕاگرتنی تەمویل لە 21٪ ‏بۆ 18٪‏.