فشارەكان زیاتر دەبن؛ كازمی بەڵێن دەدات سنوور بۆ هێرشكاران دابنێت

30-09-2020 07:29
مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق. وێنە؛ حسێن فالح/ئەی ئێف پی

پەرەگراف

عێراق نیگەرانە لە بڕیاری ئەمریكا بۆ داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداو بە مەترسیی لە قەڵەم دەدات، مستەفا كازمی فشاری لەسەرە بۆ سەقامگیركردنی دۆخەكەو بەڵێن دەدات، سنوور بۆ ئەو هێرشكارانە دابنێت كە مەترسین بۆسەر نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەكان.

نیگەرانییەكان لە هێرش‌و پەلاماری میلیشیا شیعەكان تەنها پەیوەست نییە بە ئەمریكاوە، ئەمڕۆ نوێنەرانی 25 دەوڵەت لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەو نیگەرانییان پێڕاگەیاندو داوای سەقامگیریی دەكەن.

دوای كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ كازمی، ئەو وڵاتانە بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، تێیدا پشتیوانیی بۆ عێراق دووپات دەكەنەوەو نیگەرانیی پیشان دەدەن لەو هێرشانەی دەكرێنەسەر ناوەندە دیبلۆماتییەكان‌و داوای گرتنەبەری ڕێكاری پێویست دەكەن.

هاوكات نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری ئەو وڵاتانە بڵاوكردەوە، تێیدا كازمی تەئكید لەوە دەكاتەوە كە دەزگا ئەمنییەكان سنورێك بۆ هێرشكارانی سەر نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەكان لە عێراق دادەنێن‌و ڕێكاری پێویست لەوبارەیەوە گیراوەتەبەر.

"سەرۆكوەزیران تەئكیدی كردەوە عێراق سوورە لەسەر چەسپاندنی سەروەریی یاسا، كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و پاراستنی نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەكان، چونكە ئەنجامدەرانی هێرش بۆسەر نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەكان هەوڵی تێكدانی سەقامگیریی عێراق و پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی دەدەن" كازمی وادەڵێت.

تادێت ئەو فشارە هەمەلایەنانەی لەسەر كابینەكەی مستەفا كازمی هەن زیاتر دەبن بەهۆی هەڕەشەو مەترسی میلیشیا شیعەكان‌و ئەو كردەوە چەكدارییانەی ئەنجامی دەدەن، بەتایبەت دژی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد كە ئەگەری داخستنی باڵیۆزخانەكەی هێناوەتە ئاراوە.

هاوكات فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمریكا بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد داوە، ئەوەشی بە هەڵەو مەترسیدار ناوبرد كە عێراق پێی خۆشحاڵ نییە.

"بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بڕیارێكی سەرەتاییە، بەڵام ئەگەر ڕووبدات كشانەوەی دیكەی بەدواوە دەبێت" فوئاد حسێن وای وت.

پێشتر ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی بڵاویكردەوە، شەوی شەممە 26ی ئەم مانگە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، پلانی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدادی بە مستەفا كازمی ڕاگەیاندووە. ئەوەش لە كاردانەوەی هێرش‌و هەڕەشەو مەترسییەكانی سەر باڵیۆزخانەكەو دیبلۆماتكارە ئەمریكییەكان كە "لەلایەن میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران" ئەنجام دەدرێن.

هێشتا دیارنییە ئیدارەی كۆشكی سپی ئەمریكا واژۆی لەسەر بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەكە كردبێت، پێدەچێت جێبەجێ كردنی بڕیارێكی لەو جۆرە ماوەی 90 ڕۆژ بخایەنێت.

ئەو پەیامەی ئەمریكا لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد، لە میدیاو شەقامی عێراقی بە گەرموگوڕییەوە باس دەكرێت.

چاودێرانی دۆخی عێراق خوێندنەوەی جیاوازیان هەیە بۆ هەڵوێستەكەی ئەمریكاو لێكەوتەكانی داخستنی باڵیۆزخانەكەی ئەگەر ئیدارەی ترەمپ ئەو بڕیارە جێبەجێ بكات، هەندێك پێیانوایە ئەمریكا دەیەوێت پاساوێكی دەستبكەوێت تا هێرشی تووندی مووشەكیی بكاتەسەر پێگەی میلیشیا شیعەكان، هەندێكی دیكەش باسلەوە دەكەن مەترسیی ڕاستەقینە هەیە ئەو گروپانە پەلاماری باڵیۆزخانەكەو دیبلۆماتكاران بدەن تا ئاستی دەستبەسەردا گرتنی باڵیۆزخانەكەو بە بارمتەگرتنی دیبلۆماتكاران.

ئەوانەی پێیانوایە هەڕەشەكانی سەر ئەمریكا لە عێراق جددین‌و ئەگەری ڕوودانی پێكدادانی تووند هەیە، ئەنجامدانی ئەوكارە لەلایەن میلیشیا شیعەكان دەبەستنەوە بە هاندان‌و پشتیوانیی ئێران، ئەوەش لە كاردانەوەی كوشتنی قاسم سلێمانی‌و سزا نوێیەكانی سەر ئێران كە ئەمریكا سەپاندوونییەوە بەسەریدا، تا لەو ڕێگایەوە ئێران لە عێراقەوە تۆڵە لە ئەمریكا بكاتەوەو كاریگەرییش دروست بكات لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا كە سەرەتای مانگی 11ی ئەمساڵ ئەنجامدەدرێت.

هێرشی مووشەكی بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد‌و دانانی بۆمبی بچوك‌و تەقینەوەی بە كاروانی هێزە بیانییەكان لە عێراق، ئەو مەترسییە بەردەوامانەن كە ماوەماوە ڕوودەدەن‌و بەردەوام ئەمریكا هۆشداریی بە عێراق داوە لە بارەیانەوەو پەنجەی تۆمەتی بۆ میلیشیا شیعەكان ڕاكێشاوەو پێیوایە بە هاندانی ئێران ئەوكارانە دەكرێن.

كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران‌و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریكاوە لە سەرەتای ئەمساڵ لە بەغداد، گرژییەكانی نێوان ئێران‌و ئەمریكای گەیاندە ئاستێكی زۆر بەرز، تائێستاش ئێران‌و گروپە چەكدارە شیعەكانی عێراق باسلە تۆڵەكردنەوەی ئەو ڕووداوە دەكەن.

ئەو ڕووداوە كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، لەسەر ئاستی عێراق، وێڕای هەڕەشەی گروپ و لێپرسراوانی سیاسی، لە پەرلەمانەوە و وەك تۆڵەسەندەوە، بڕیارێك بۆ حكومەت دەرچوو تا هەوڵی دەركردنی هێزە بیانییەكان بدات، كە بەپێی ڕێككەوتنێك لەگەڵ بەغدا جێگیربون.

بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، بە پێچەوانەوەی گەرموگوڕیی بەغداوە، لە هەرێمی كوردستان كاریگەر دەرنەكەوت و هەڵوێستی هەرێم بەو ئاڕاستەیەیە، هەولێر دەستبەرداری هێزەكانی ئەمریكا نابێت. ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارەكەی تێدا درا بەبێ فراكسیۆنە كوردییەكان و سوننە بەڕێوەچوو، زۆرینەی شیعە بڕیارەكەیاندا.